بنەماڵەکەی: بەشدار بازیانی لە هەینییەوە گیراوە و بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
بنەماڵەی رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی رایدەگەیێنن، لە رۆژی هەینییەوە کوڕەکەیان دەستگیر کراوە و داوای ئازادکردنی دەکەن. بەرپرسانی سنوورەکەش دەڵێن، "دوای لێکۆڵینەوە ئازاد دەکرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، بنەماڵەکەی دەڵێن، "بەشدار بازیانی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراوە؛ تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکە نادیارە، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی و شوێنی راگرتنی بڵاونەکراوەتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، "بەشدار بازیانی لەلایەن هێزێکی ئەمنیی سلێمانییەوە راگیراوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و تەندروستیی باشە."
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "بەشدار بازیانی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە بڕیاری مانەوەی لە زیندان دراوە، لە یەکێک لە گرتووخانەکانی سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
1ی ئەم مانگە دیاری محەممەد، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت، "نەبەز شێخانی، دانا ساڵح و بەشدار بازیانی، سێ رۆژنامەڤانن و شەوی هەینی 28ی شوبات دەستبەسەر کراون."