لە هەولێر 8 تۆن خواردنی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا

رووداو دیجیتاڵ
 
تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا لە پارێزگای هەولێر بەبێ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 8 تۆن خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە. زۆربەی خواردنەکانیش ئەوانەن کە لە رەمەزاندا خواستی لەسەرە.
 
خاوەن کۆگایەک بە لیژنەکانی چاودێری بازرگانی گوتوە، ئەگەر خۆراکەکە دەستیبەسەردا نەگیرابووایە، لە ماوەی 10 رۆژ دوو تۆن خۆراکیان لەسەر عەرەبانەکانی شێخەڵڵا و سەرشەقامەکان دەفرۆشتن. 
 
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر دەڵێت، "زۆربەی ئەو خۆراکانەی دەستمان بەسەر دا گرتووە، ئەوانەن کە لە مانگی رەمەزاندا خواستی زۆریان لەسەرە، بە نموونە خورما. خاوەن دووکانەکان چوکلێتەکەیان لەنێو زەرفی خۆیان دەرهێناوە و بەشێوەی فەل دەیفرۆشن." 
 
لە دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، لە هەرێمی کوردستان 355 تۆن خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچوو دەستیانبەسەرداگیراوە و لەنێوبردراون. هەروەها زیاتر لە هەزار و 700 شوێنیش سزادراون.
 
لە مانگی رەمەزاندا لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی، جگە لە رۆژ، بە شەوانیش چاودێری دەخەنە سەر چێشتخانە، مارکێت، فرۆشیار و هەر شوێنێک کە گومانی لێبکرێت.
 
لیژنەکانی چاودێریی بازرگانیی هەولێریش لە رێگەی پێنج ژمارە مۆبایلەوە، وەڵامی تێبینی و ئاگادارییەکانی خەڵک دەدەنەوە.
 
زانا محەممەد، بەرپرسی پشکنین لە چاودێری بازرگانیی هەولێر باس لەوە دەکات، "پێنج ژمارە تەلەفۆنمان کراوەیە و هەر هاووڵاتییەک لە هەر شوێنێک سکاڵای هەبوو، با ئاگەدارمان بکاتەوە و بەدوای سکاڵاکەی دا دەچین."
 
نیوەی ئەو شوێنانەی سزا دەدرێن یان دادەخرێن، ئەوانەن کە خەڵک لیژنەکانی لێ ئاگادارکردوونەتەوە.