ئەمڕۆ کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ناکرێت.
هەرچەند وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردبوو رۆژی 4/3/2025 لە بەغداد ئامادەبن بەمەبەستی گفتوگۆکردنی، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان و رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان ناکرێت".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی کراوە و راسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دەخرێنە بەردەست سەرۆکوەزیرانی عێراق.