لە بۆردوومانەکانی سنەدا 23 کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 23 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و 20 بنکەی سەربازی و ئەمنی کراونەتە ئامانج.
رۆژی چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە لە شاری سنە: "لە رۆژی شەممە 28-02-2026ەوە تاوەکو ئێستا 20 بنکە و بارەگای سوپای پاسداران و پۆلیس لە شارەکانی پاریزگای سنە کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە 23 کەس کوژراون."
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان زیانی گیانیی زۆریان لێکەوتووەتەوە و بەهۆی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس لە پارێزگاکە بریندار بوون، برینی بەشێکیان قورسە و تەندروستییان ناجێگیرە.
بەپێی ئاژانسەکە 6 جار چەند شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوان و هاوبەشەدان کە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026ەوە، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا چەندین ناوەندی هەستیار، سەربازی و ئەمنیی تاران کراونەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژ وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. تاران رایگەیاندووە، بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکە و چەند ئامانجێکی لە ناو خاکی ئیسرائیل پێکاوە.