تەرمی گەنجێکی 24 ساڵ لە رووباری خابوور دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

تەرمی گەنجێکی خەڵکی سلێمانی لە رووباری خابوور لە سنووری زاخۆ دۆزرایەوە. پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، گەنجەکە تەمەنی 24 ساڵە و گومان دەکرێت لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ تورکیا خنکابێت.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4-3-2026، تەرمێک لە رووباری خابوور لە سنووری گوندی چەم مشکۆ لە زاخۆ دۆزرایەوە.
 
ئەحمەد رەمەزان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمێک لە رووباری خابوور دۆزراوەتەوە کە هی گەنجێکی تەمەن 24 ساڵە، بەپێی بەڵگەنامەی بەردەست ناوی رەوەند یادگار کەریمە و خەڵکی سلێمانییە."
 
لەبارەی کاتی خنکانەکەی و هۆکارەکەی، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی زاخۆ گوتی، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هیچ ئاسەوارێکی تاوان بەسەر جەستەیەوە نییە و وا دەردەکەوێت ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ بێت خنکابێت.
 
ئەحمەد رەمەزان دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا هۆکاری خنکانەکەی دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە رووباری خابوور بۆ دیوی تورکیا خنکابێت."