کۆمەڵە بڕیاریدا بەشداری "هاوپەیمانیی کوردستان" بکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڕیاریدا بە فەرمی بەشداری لە "هاوپەیمانیی کوردستان" بکات. دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی قۆناخەکە، ئەم بڕیارەیان داوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 بڵاویانکردەوە، دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان هەمیشە هەوڵیان بۆ یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان داوە.
کۆمەڵە لە راگەیەندراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ماوەی رابردوودا لە ناوەندی دیالۆگی نێوان هێزەکاندا بەشدار بوون و پێداگرییان لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردووە: "یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان" و "بەڕێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناخی راگوزەردا". بە گوتەی کۆمەڵە، ئەوان هێشتاش ئەو دوو بابەتە بە گرنگ دەزانن و لە داهاتووشدا لە نێو هاوپەیمانییەکەدا بە گفتوگۆ و دیالۆگی هاوڕێیانە کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەموومان دەبینین لە رۆژانی رابردوودا قۆناخێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە؛ تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کاتێک رووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی رۆژهەڵاتی خستووەتە بەردەم هەلومەرجێکی هەستیار و مێژوویی، کە ئەوەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هاوبەش هەیە."
دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی گوشاری دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردستان و بۆ بەهێزکردنی "یەکڕیزیی نێوماڵی کورد"، بڕیاریان داوە وەک ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی، بەشداری لە هاوپەیمانییەکەدا بکەن.
ئەم بڕیارەی کۆمەڵە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ یەکخستنی ریزەکانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر پێشهاتەکان و دۆخی سیاسی ئێران زیاتر بوون.
راگەیێندراوی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە سەبارەت بە بەشداری لە هاوپەیمانی کوردستان
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،
دۆستان و دڵسۆزانی یەکگرتوویی گەلی کورد،
هەموان لە تێکۆشانی چەندەها ساڵەی ئێمە لە پێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئاگادارن. لە درێژەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەدا بوو کە لە مانگەکانی رابردوودا بەشدارییەکی چڕ و پڕمان لە ناوەندی دیالۆگدا کرد.
ئەوەشتان لێ شاراوە نییە کە ئێمە بە تایبەت لەسەر روونتر کردنەوەی زۆرتری دوو بابەت، واتا هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها بەرێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی گوزاردا پێداگریمان دکرد و خوازیاری دیاریکردنی میکانیزمگەلی کردەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانە بووین. ئەو بابەتانە ئێستاش و لە داهاتووشدا بە گرینگ دەزانین و وەکوو ئامانجێک هەوڵیان بۆ دەدەین.
بەڵام هەموان دەبینین کە لە رۆژانی رابروودا قۆناغێکی بەتەواوی نوێ هاتۆتە ئاراوە. تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی رۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە.
هەروەها زۆرێک لە دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان لەم ماوەیەدا پەیوەندییان پێوە کردووین و لەسەر رۆڵ و نەخشی کاریگەری کۆمەڵە لە پتەوترکردن و کارامەترکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دواون و داواکاری بەشداریمان لە هاوپەیمانی بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە و لەو سۆنگەیەوە کە کۆمەڵە هەمیشە ئەرکە مێژوویی و بەرژەوەندە نەتەوەییەکان دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات.
بڕووخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران
بژی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١٤ی هەتاویی
٤ی مارچی ٢٠٢٦ی زایینی