ریاز حیجاب بۆ رووداو: پابەند دەبین بە هەموو جۆرە بڕیارێکی گەلی سووریا
سەرباز سیامەند- دڵخواز بەهلەوی
رووداو- هەولێر
رێکخەری گشتی دەستەی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایگەیاند "دەستەی باڵای ئۆپۆزیسیۆن بڕیار لەبارەی دواڕۆژی سووریا دەدات و ئێمە رێز لە بڕیاری گەلی سووریا دەگرین، پابەند دەبین بە هەموو جۆرە بڕیارێکی گەلی سووریا".
ریاز حیجاب گوتی: "براكوردەكانمان پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەکی گەلی سووریان. ئەوەشی كە لە لایەن ئەلزوعبیەوە روویدابوو هەڵەی زمانەوانی بوو، دوایی ناوبراویش داوای لێبوردنی كرد. عەمید ئەسعەد ئەلزوعبی كەسێكی نیشتمان پەروەر و باشە، ئەگەر هەڵەیەكی زمانەوانیش لە زمانی ئەو روویداوە بەو واتایە نایەت كە ناوبراو كەسێكی خراپە. ناوبراو لە ساڵی 2014 ئەندامی شاندنی دانوستاندنەكان بووە."
ریاز حیجاب، دەربارەی راگەیاندنی سیستەمی فیدراڵی رۆژئاوای كوردستان گوتی: "پێویستە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە رێگای ریفراندۆمەوە یەكلایی بكرێتەوە، بۆیە فەرزكردنی هەر نمونەیەك لە لایەن پارتێك بێت یان دەسەڵاتێك كە بەهۆی هێزەوە شێوەی فیدراڵی فەرز بكات قبوڵی ناكەین. بۆیە دەڵێم و جەختیشدەکەمەوە هەڵبژاردنی هەر سیستەمێكی بەڕێوەبردن لە دەسەڵاتی گەلی سووریا دایە."
رێکخەری گشتی دەستەی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گوتیشی: "هەرچەندە ئەنجوومەنی نیشتمانیش داوای فیدراڵی دەكات، بەڵام ئەو سیستەمە فیدراڵییەی ئەنەكەسە داوای دەكات جیاوازترە كە دەیەوێت لە رێگای دەنگدانەوە یەكلایی بكرێتەوە. ئێمەش رێز لە بڕیارەكەی ئەوان دەگرین. پێشتریش گوتم هەر شتێك گەلی سووریا بڕیاری لەسەر بدات، ئێمەش رێزی لێ دەگرین."
دەربارەی ئەوەی كە كانتۆنەكان بوونەتە واقیع و دەگوترێت سیستەمی یەكێتی فیدراڵی دیموكراتی رۆژئاوا- باكووری سووریاش دەبێتە واقیع، ریاز حیجاب گوتی: "ئەوە بەهۆی بەكارهێنانی هێزەوە بووە كە ئەمە تاكوسەر بەردەوام نابێت و گۆڕانكاری روودەدات، كە پەیوەندی بە كاتەوە هەیە. هەر یەكێك خزمەتی بەرژەوەندی خەڵكی سووریا نەكات و خزمەت بە بەرژەوەندی و ئەجێندای دەرەكی بكات تاسەر بەردەوام نابێت و دەڕوات."
ریاز حیجاب گوتی: "دەمانەوێت هەردەم پەیوەندیمان لەگەل هەرێمی كوردستاندا هەبێت، لەگەل بەڕێز سەرۆكی هەرێم كە رۆلێكی میحوەری هەیە، هەڵسەنگاندنی گرنگی هەیە. گفتوگۆمان لەبارەی گەلێك بابەتەوە كرد، وەك دانوستاندنەكانی جنێڤ 3، دۆخی سووریا، داعش و رەفتارەكانی براكوردەكانمان وەك پەیەدە، كە لە رژێم خراپترە لە ناوچەی جزیرە و باكووری سووریادا. باسمان لەوەكرد رۆلی ئەنەكەسە كاراتر بكرێت كە نوێنەری راستەقینەی گەلی سوریایە."
دەربارەی پرسیاری ئەوەی، ئێوە دان بەوەدا دەنێن كوردستانێك هەیە بەناوی سووریا و بەشێكە لە كوردستانی گەورە، ریاز حیجاب، گوتی: "بە ئاشكرا دەیڵێم ئێمە و ئەنەكەسە و هەموو هێزەكانی شۆڕشی سووریا لەسەر یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سووریا و یەكێتی كۆمەڵگای سووریا كاردەكەین. كورد لە سووریا كە لەلایەن حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد مافەكانیان پێشێلكراوە، مافی رەوای خۆیان هەیە، بەڵام دەبێت لەچوارچێوەی وڵاتی یەكگرتووی سووریادابێت. هەموومان بەیەكەوە كاردەكەین كە سووریا یەكگرتوو بمێنێتەوە."
ریاز حیجاب، گوتی: "دەسەڵاتی ئێستای سووریا بووەتە سەرچاوەی تیرۆر و كوشتوبڕەكان. بۆیە ئەگەر ئەو نەمێنێت بابەتی تیرۆر و پەنابەرانیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت كە بەهۆی تیرۆری حكومەتی ئێستای سووریاوە ئاوارە و كۆچبەر بوون. دەسەڵاتی سووریا شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە و هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. كاریش دەكات بۆ ئەوەی دانووستاندنەكانی جنێڤ سەرنەكەوێت. چونكە گواستنەوەی دەسەڵاتە و كۆتایی ئەو رژێمەیە. دانیشتنەكانی جنێڤ 1 و 2ی شكست پێهێنا، كە نەیدەویست باسی حكومەتی ئینتیقالی بكات و تەنیا دەیویست باسی تیرۆر بكات."
عەمید ئەسعەد ئەلزوعبی، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە بۆ دانوستاندنی جنێڤ 3 ، كە ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ENKSیش ئەندامی شاندی دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە. ئەسعەد ئەلزوعبی، بە رادیۆی ئۆریەنتی نزیك لە ئۆپۆزیسیۆنی گوتبوو:"كوردەكان دەیانەوێت وڵاتەكان بۆخۆیان ببەن و پارچە پارچەیان بكەن، زیات لەخۆیان داوا دەكەن. كورد لەسووریا رێژەكەی 1%یە و ئەوان رۆژگارێك لە حافز ئەسەد دەپاڕانەوە پارچە كاخەزێكیان پێ بدات، بەس بۆ ئەوەی ئیسپاتی بكەن كە ئەوانیش مرۆڤن."
ریاز حیجاب، سەرۆكی دەستەی گشتی دەستەی دانوستانكاری سووریا و سەرۆكوەزیری پێشووی سووریا سەردانی پایتەختی هەرێمی كوردستانی كرد و رۆژی 4-4-2016 لەگەل مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی لە سووریا ENKS كۆبووەوە.