چاودێریی بازاڕی هەولێر: هەر دووکانێک نرخ زیاد بکات بە درێژایی رەمەزان دادەخرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی لیژنەی پشکینن و چاودێریی بازاڕی هەولێر رایدەگەیێنێت، هەر دووکانێک لە مانگی رەمەزاندا نرخی شتومەک و کاڵاکانی زیاد بکات، سزاکەی ئەوە نییە بۆ چەند رۆژێک دابخرێت، بەڵکو بە درێژایی مانگەکە دادەخرێت.
 
رێبوار عەبدولمەجید، گوتەبێژی لیژنەی پشکینن و چاودێریی بازاڕی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لەم سێ رۆژەی رەمەزاندا هیچ شوێنێک سزا نەدراوە. هەر دووکانێک شتومەک گران بکات، سزاکەی ئەوەیە کە بە درێژایی مانگی رەمەزان دادەخرێت نەک بۆ چەند رۆژێک بێت." 
 
گوتەبێژی لیژنەی پشکینن و چاودێری بازاڕی هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا خەڵک هۆشیارن و لە هەر شوێنێک نرخ گران کرابێت، یەکسەر پەیوەندییان پێوەدەکەن. ئەوە شتێکی باشە کە ئێستا خەڵک بۆمان بوونەتە لیژنەی چاودێری.
 
قایمقامیەتی دهۆکیش بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و نەهێشتنی سەرپێچی لە مانگی رەمەزاندا 20 لیژنەی پێکهێناوە، بە شەو و رۆژ چاودێریی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان دەکەن.
 
ئاراس مستەفا، ئەندامی لیژنەی قایمقامیەتی دهۆک گوتی، "نزیکەی 20 لیژنەمان بۆ چاودێریی بازاڕ لە مانگی رەمەزاندا پێکهێناوە. ئەوەندەی ئێمە چاودێریمان کردووە نرخ زیاد نەکراوە و داوایش دەکەین هەرکەس بینیی لە شوێنێک نرخ زیاد کرابوو، با پەیوەندیمان پێوە بکات."
 
ئەندامەکەی لیژنەی قایمقامیەتی دهۆک باس لەوەش دەکات، لیژنەکانیان شەو و رۆژ بەدواداچوون دەکەن. لە دەستپێکی رەمەزانەوە تاوەکو ئێستا چوار شوێنیان سزا داون کە شتومەکی بەسەرچوویان فرۆشتبوو و هەر شوێنێکیش نرخ زیاد بکات دایدەخەن. 
 
لە سلێمانیش قایمقامیەت رێکاری تایبەتی بە مانگی رەمەزان گرتووەتە بەر و بڕیاری داوە مەیفرۆشییەکان بە درێژایی مانگەکە دابخرێن.
 
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتی، "ئێمە بۆ مانگی رەمەزان لیژنەیەکی تایبەتمەندمان بۆ چاودێریی بازاڕ داناوە. هاوکات لە مانگی رەمەزاندا هەموو شوێنەکانی مەیخواردنەوە قەدەخە کراون. تاوەکو ئێستا نرخ جێگیرە و کۆمەڵێک شوێنیش نرخیان دابەزاندووە کە شایانی دەستخۆشییە."
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەو سەرپێچییانەی لەم چەند رۆژەدا تۆمار کراون بریتی بوون لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان و فرۆشتنی مەی لە چیای ئەزمەڕ و دەستیان بەسەردا گرتوون و فرۆشیارەکانیشیان داونەتە دادگە. 
 
رێکان جەمال باس لەوەش دەکات، لەبارەی هەڵگرتنی کاڵا و شتومەکیشەوە ئاگاداریشیان بە چەند کۆگەیەک داوە.