به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: هەفتەی داهاتوو مووچەی ئادار دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو "بەخێرایی" دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەکرێت.
 
دەشڵێت، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار دەستیپێکردووە.
 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ لە هەژماری فەیسبووکی خۆی ئەو قسانەی کردووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی کۆی وەزارەتەکانی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و داوای نزیکەی 950 ملیار دینار کراوە، ئەمڕۆ حکومەتی ناوەندی تەنیا 130 ملیار دیناری ناردووە، وا بڕیارە دوای تەواوکردنی وردبینی بڕە پارەی پێویست بۆ تەواوی فەرمانبەروان دابینبکرێت.
 
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەو شاندەی کۆتایی مانگی رابردوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە، بە رووداوی گوت، ئەوەی بەغدا کردوویەتی هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی چارەسەر، بەڵام دڵنیایی یەکجاری ئەو کاتەیە مانگی نیسان و دواتریش مووچە بەردەوام بدرێت.
 
لەلایەکی دیکە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەستیکەوتوون، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق رێککەوتن کراوە، تاوەکو پرسی بەدیجیتاڵکردنی مووچە یەکلادەبێتەوە، هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
  
رێککەوتنەی نێوانیان خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە:
 
- مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
 
- بەپێی رێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی پرسی تەوتین و بە دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە بەغدا بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
- مانگانە لە رێگەی کۆدی بایۆمەترییەوە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە خەرج دەکرێت بەهەمان ئەو میکانیزمەی مووچەی مانگی شوباتی پێ خەرجکرا.
 
لەبارەی مووچەی مانگی ئادارەوە ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی بە شاندەکەی هەرێمی کوردستان داوە، بەر لە جەژن وردبینی لیستی فەرمانبەران تەواو دەکەن و مووچەکانیان خەرج دەکەن.
 
هاوکات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 3-4-2024، رایگەیاند، "دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا هێنا و گەڕانەوە هەرێمی کوردستان".