لە کەرکووک بە هاوکاریی دژەتیرۆری سلێمانی باندێکی 'تیرۆریست'ـی دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی هاوبەشی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک بە هاوکاریی دژەتیرۆری سلێمانی باندێکی 'تیرۆریست'ـی دەستگیر دەکەن، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، 'باندەکە پلانیان دانابوو کردەوەی تیرۆریستی بکەن.'
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزێکی سواتی نووسینگەی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک، پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری ئەرکێکی ئەمنییان جێبەجێ کرد، بەهۆیەوە 'تیرۆریستێکیان بەناوی (ئـ.،م.ئ.) لەنێو شاری کەرکووک دەستگیرکرد."
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، دەستگیرکراوەکە خەڵکی شاری موسڵە، ئەندامی مەفرەزەیەکی داعش بووە، بە ناوی رێکخراوی داعش کاری کردووە و پارەی وەرگرتووە.
هەروەها گوتی "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت؛ زانیاری لەسەر خاڵەکانی پۆلیس و خاڵەکانی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی کەرکووک کۆکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانج، بەنیازیش بووە هەندێک مادە و کەرەستە بکڕێت کە لە دروستکردنی بۆمبدا بەکاردێن، بۆ ئەوەی لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزان لە کەرکووک و موسڵ بەکاریان بهێنێت و کردەوەی تیرۆریستی بکات."
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک باس لەوە دەکات، دوای بەدواداچوونی وردی مەیدانی، دەستیان گەیشتووەتە تەواوی ئەندامانی دیکە باندەکە، ئەوەش لە رێگەی هاوئاهەنگیی باڵای نێوان بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک، دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی، هێزی سواتی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و فەوجی کۆماندۆی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، تێیدا "تیرۆریست"ێکیان بەناوی (ف. ح. ع.) دەستگیرکردووە کە خەڵکی شاری موسڵە و یەکێک بووە لە سەرکردەکانی داعش لە بەناو ویلایەتی نەینەوا و داواکراو بووە."
یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوەکان ناوی (ص. ع. ر.)ـە، ئەویش بە گوتەی گوتەبێژەکەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک "یەکێک بووە لە سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە پۆلیسی ویلایەتی دیجلەی داعش کاری کردووە."