بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان: سێ بەنداو ماون سەرڕێژ بن و یەکێکیان سەرڕێژبوونی مسۆگەرە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، كۆی ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی 7 ملیار مەتر سێجا. ئاماژە بەوەش دەکات، لە كۆی 25 بەنداوەكە "تەنیا سێ بەنداو ماون سەرڕێژ بن، كە یەکێکیان پڕبوونی مسۆگەرە."
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە 04-04-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كۆی گشتی ئاوی كۆكراوەی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی 7 ملیار مەتر سێجا، "ئەوەش بڕێكی ئێجگارە باشە. ئێستا تەنیا بەنداوەكانی دووكان، دەربەندیخان و گۆمەسپان ماون سەرڕێژ بن. 22 بەنداوەكەی دیكە سەرڕێژ بوون."
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، بەنداوی دووكان ئێستا 4 ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، كە دەكاتە 65% توانای ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە و رۆژانەش 30 سانتیمەتر ئاوەكەی زیاد دەكات.
ئەوەی کە پەیوەندی بە بەنداوی دەربەندیخانەوە هەیە، رەحمان خانی گوتی، 2 ملیار و 350 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدایە کە دەکاتە 92%ی توانای ئاوی گلدراوەی. ئاماژەی بەوەش کرد، کەشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەم ساڵ بەنداوەکە سەرڕێژ دەبێت.
وەک رەحمان خانی گوتی، بەنداوی گۆمەسپانیش 90 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ئێستا 24 ملیۆنی تێدایە، كە دەكاتە 25%ی بەنداوەكە. ئاماژەی بەوەش کرد، "بەنداوی گۆمەسپان ئەم ساڵ سەرڕێژ نابێت. دووكانیش هێشتا دیار نییە سەرڕێژ دەبێت یان نا."
لە هەرێمی كوردستان 25 بەنداوی گەورە و بچووك هەن. بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان گەورەترینەکانن.
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی وەك یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكرا و بە گەورەترین بەنداوی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.
بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكی دروستكرا و 2 ملیار 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.