حەج و عومرەی کوردستان: ڤیزەی هەموو حاجیان گەڕاوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ڤیزەی هەموو حاجییانی ئەمساڵ گەڕاوەتەوە و دەشڵێت: "ئەگەر بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە گەشتی ئاسمانی ئەستەم بێت، گەشتەکان دەکرێنە وشکانی."
 
رۆژی شەممە، 4ـی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، پاڵپشتییەکی زۆری پڕۆسەی حەجی کردووە و تاوەکو ئێستا کارەکان بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی بەڕێوەدەچن."
 
سەبارەت بە کاریگەریی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر پڕۆسەکە، کاروان ستوونی ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییەکان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سعودیە بەردەوامن و هیچ وەستانێک لە کارەکاندا نییە. 
 
گوتیشی: "ئێستا ڤیزەی هەموو حاجییانی کوردستان گەڕاوەتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزەکەدا هیچ کێشەیەکیان نابێت."
 
بەگوێرەی لێدوانی گوتەبێژی حەج و عومرە، بڕیارە لە 18ـی نیسانی 2026 ڤیزەی حەج چالاک بکرێت، کە ئەو کاتە بە شێوەیەکی فەرمی وەرزی حەج بۆ هەموو وڵاتانی جیهان دەستپێدەکات.
 
لەبارەی ئەگەری گۆڕانکاری لە شێوازی گواستنەوەی حاجییان، کاروان ستوونی روونیکردەوە: "ئەگەر ئاڵۆزی و شەڕ لە ناوچەکە بەردەوام بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەشتە ئاسمانییەکان دەگۆڕدرێن بۆ گەشتی وشکانی، ئەو کاتەش حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە دەدەن."