وەزیری کارەبا: زۆرینەی کێڵگەکانی نەوت کارکردنیان راگرتووە و بەرهەمی رۆژانە 65 هەزار بەرمیلە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆکیان لە کارەکەی دوورخستەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو نێوەڕاستی ئەم ساڵ تەواوی کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاژێری.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای دهۆک کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی رێکخست و رایگەیاند: "85%ـی کارەبای هاوبەشان کراوەتە 24 کاژێری".
وەزیری کارەبا گوتی: "زیاتر لە 85%ـی هەموو هەرێمی کوردستان لە هەموو بەشەکان بووەتە 24 کاژێری".
بەڕێوەبردن، سەرپەرشتی و خاوەندارێتیی پڕۆژەی رووناکی بریتییە لە وەزارەتی کارەبا و پەیوەندیی بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانەوە نییە.
وەزیری کارەبا گوتی: "پلان بوو کۆتایی ئەم پڕۆژەیە [پڕۆژەی رووناکی] کۆتایی ساڵی 2026 بێت، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی بەردەستمان کە جەنابی سەرۆکی حکومەتمان لێ ئاگادار کردووەتەوە، گوتوومانە کە دەتوانین تاوەکو نێوەڕاستی ئەم ساڵ کارەبا بۆ تەواوی خەڵک دابین بکەین".
کەمال محەممەد لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: "بەهۆی جەنگەوە کە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، هەندێک کێشە بۆ سووتەمەنی بۆ وێستگەکان بۆ نزیکەی مانگێک دروست بوو، بەڵام ئەو بابەتەش بە هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە قایمقامییەتەکان چارەسەر کرا و رێگە درایە موەلیدەکان کار بکەن".
شێخان و بەردەڕەش لە تەواوی پارێزگای دهۆک ماون ببنە کارەبای 24 کاژێری و وەزیری کارەبا رایگەیاند: "وەک نرخ، لە 18ـی مانگی 05ـی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا لە کەلارەوە بۆ زاخۆ هەمان نرخە و جیاوازی تێدا نییە".
سەبارەت بە کێشەکانی دهۆک، وەزیری کارەبا گوتی:"بۆچی لە حەوت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیکە کێشە نەبووە و بۆچی لە دهۆک هەبووە؟ راستی و هەڵە لە چیدا بووە. با بەدواداچوون بکرێت."
وەزیری کارەبا هەروەها گوتی: "دیارە کێشە لێرە بوو. لەسەر ئەو بنەمایە، بە فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەت، بەڕێوەبەری گشتیمان کە وەک وەزیرێک بووە لە پارێزگای خۆی، دەبوو زیاتر خۆی لەگەڵ خەڵک بگونجاندایە و لەسەر ئەو بنەمایە کە ئەوە نەکراوە و ئەو کێشەیە دروست بووە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە دەستمانە بەڕێوەبەری گشتی [لادرا] و ئێستا بە وەکالەت کاک حازم هاتە شوێنی کاک شاکر [بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک]".
وەزیری کارەبا لەبەردەوامی قەسەکانیدا باسی لەوەکرد: "پارەدانی کارەبا دەبێت دوای 51 رۆژ لە پێدانی پسووڵەکەی بە هاوبەشەکە بدرێ. ئێمە بەدواداچوونیش بۆ گلەیی هەموو کەسێک دەکەین".
بە گوتەی کەمال محەممەد، لە کاتی ئاساییدا هەرێمی کوردستان 5500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانە بەوەکالەت، باسی لە کێشەی کەمیی گازی ماڵان کرد و گوتی: "هۆکارەکە وەستانی کارەکانی کێڵگەی کۆرمۆر بووە، چونکە کێڵگەکە سێ جۆر سووتەمەنی دابین دەکات. یەکێک لەوانە (LPG)ـی گازی ماڵانە. کاتێک کاری کێڵگەکە وەستا، کەمی هەبوو، بەڵام کارمان کرد لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و لەسەر هێڵ بووین و 100 تانکەر LPG هاتووە".
کەمال محەممەد گوتیشی: "ئێستا پاڵاوگەی لانازیش دۆخی ئاسایی بووەتەوە و بڕێک گاز دەنێرێ؛ لە کۆرمۆریشەوە گاز دەنێردرێ. کێشەکان بەرەو چارەسەری دەچن، ئەگەر کێشە دروست نەبنەوە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی، بەهۆی هێرشەکانەوە کارکردن لە کێڵگەکانی تاوکی، سەرسنگ، شێخان، پێشابوور و چەمانکێ راگیراوە و بە پێویستی زانی حکومەتی عێراق کاری جیدی بکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
کەمال محەممەد گوتی: "بەرهەمهێنانی نەوت لەم دۆخەدا دوای وەستانی کاری کێڵگەکان 60 بۆ 65 هەزار بەرمیلە و 40 بۆ 50ـی بۆ نێوخۆیە".