مەنسوور بارزانی لەبارەی کردنەوەی سەرجەم رێگاکان لەگەڵ عێراق روونکردنەوە دەدات
رووداو - هەولێر
فەرماندەی لەشکری تایبەت و گوڵانی پێشمەرگە لەبارەی کردنەوەی رێگاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپا و حەشدی شەعبی رایدەگەیێنێ: "ئامادەکاریمان کردووە و ئامادەین هەموو رێگاکان بکەینەوە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگرە و رێگاکان ناکاتەوە، تۆمەتەکش دەخاتە ئەستۆی پێشمەرگە".
مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەت و گوڵانی پێشمەرگە، رۆژی هەینی4-5-2018 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە گوندی مەحموودییە لە سنووری رەبیعە، داوای لە خەڵکی کوردستان کرد رۆژی 12ی ئەم مانگە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە ویژدانەوە ئەو لیستە هەڵبژێرن کە خەباتی کردووە و بەرگری لە خاکی کوردستان کردووە.
مەنسوور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی چوار ساڵە پێشمەرگە لە بەرەکانی بەرگریدایە، شەڕی داعشی کردووە و رێگەی نەداوە کوردستان داگیربکات، هەروەها سەروەری کوردستان تێکبدات و میللەتی کورد بکەوێتە ژێر دەستی داعش یان ژێر دەستی دووژمنانی کوردستان.
گوتیشی: "لەم پێناوەدا بە سەتان شەهید و بە هەزاران بریندرامان داوە. هەر بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم وەکو وەفایەک بەرامبەر رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان و خێزانی شەهیدان، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە ویژدانەوە دەنگ بەو لیستە بدەن کە بەرگری لە خاکی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان کردووە بەبێ جیاوازی".
فەرماندەی لەشکری تایبەت و گوڵانی پێشمەرگە، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەباری دەنگۆی پێشێلکاری یاساکانی جەنگ و کوشتن و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سڤیل لە شەڕدا لەلایەن پێشمەرگە، رایگەیاند: " ئەو دەنگۆیانە بێبنەمان و ئەوەی بوختان بۆ پێشمەرگە هەڵدەبەستێ، نە کوردە و نە دەتوانێ لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق لە بەغدا داکۆکی لە مافی گەلی کورد بکات، بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت سەلمێندراوە کە پێشمەرگە چۆن خۆی کردووەتە قوربانی لەپێناو پاراستنی خەڵکی سڤیل لە شەڕدا".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دەنگدانی هێزەکانی پێشمەرگە، مەنسوور بارزانی گوتی: "هیچ فشارێکمان لەسەر نەکراوە و فەرمانمان بۆ نەهاتووە کە دەنگ بە چ لیستێک بدەین یان نەدەین. ئێمە ئازادین دەنگ بە کێ دەدەین، بەڵام خودا چاوی پێداوین بۆ ئەوەی ببینین و عەقڵی پێدواین بۆ ئەوەی کاری پێبکەین، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا رۆژێک لە رۆژان نەمانبینیوە ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ ئەم تۆمەتانە دروستدەکەن و شتی بێبنەما بڵاودەکەنەوە، گوایە گوشار لە پێشمەرگە کراوە تەنیا دەنگ بە یەک لیست بدەن، نەخێر راست نییە، بەڵام بۆیە ئەم تۆمەتانە بڵاودەکەنەوە چونکە شەرم لە خۆیان دەکەن بەوەی تەنانەت رۆژێکیش سەردانی پێشمەرگە و بەرەکانی شەڕیان نەکردووە، رۆژێک لە رۆژان سەردانی ماڵە خێزانێكی شەهیدیان نەکردووە، لەبەرئەوەی باش دەزانن پێشمەرگە دەنگیان پێنادات، بۆیە ئەم جۆرە بوختانانە بڵاودەکەنەوە".
هەروەها گوتیشی: "پێموایە ئەو کەسەی تائێستا نەیتوانیوە بەرگری لە خاکی کوردستان بکات، ئەستەمە بتوانێ لە داهاتووشدا بەرگری لە مافی سەربەخۆیی، یان هەر مافێکی زەوتکراوی پێکهاتەکانی کوردستان بکات. خەڵکی کوردستان راستییەکان دەبینێت و پێناچێت دەنگ بەوجۆرە کەسانە بدەن".
لەبارەی پرسی کردنەوەی رێگای زوممار و رەبیعە و سەرجەم رێگاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپا و حەشدی شەعبی، مەنسوور بارزانی گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک رێگای لەبەردەم هاتووچۆی خەڵکی ناوچەکە نەگرتووە، ئەوەی رێگاکەی داخستووە حکومەتی عێراقە و ئەوان نایانەوێت رێگاکە بکەنەوە، هەرکاتێک ئەوان رێگاکە بکەنەوە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام ئەوان رێگاکە ناکەنەوە و تۆمەتەکەش دەخەنە پاڵ پێشمەرگە، بۆنموونە رێگای بەنداوی موسڵ بۆ دهۆک ئێمە ئامادەبووین بیکەینەوە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگاکەی نەدەکردووە و هەر کاتێک بڕیاریان داو رێگاکەیان کردەوە، ئێمەش دەیکەینەوە، لێرەش کە دوایین خاڵە لەنێوان ئێمە و حکومەتی عێراق، هەرکاتێک حکومەتی عێراق رێگاکە بکاتەوە، ئێمەش دەیکەینەوە و لەوبارەوە هیچ کێشەیەکمان نییە، سەرجەم ئامادەکارییەکانمان تەواوکردوون بۆ کردنەوەی رێگاکە، بەڵام بەو مەرجەی ئەوان رێگاکە بکەنەوە، ئەگەر ئێمە رێگاکە بکەینەوە و ئەوان رێگا نەدەن خەڵک هاتووچۆ بکات، هیچ واتایەکی نییە".