مزگەوتی بەهەشت لە سلێمانی داخرا

رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی مزگەوتی بەهەشت بەهۆی دروستکردنی قەرەباڵخی و پابەندنەبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزییەوە داخرا. بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی دەڵێت، پێشتر مزگەوتەکەیان ئاگادارکردووەتەوە و رەزامەندییان لێوەرگرتوون بۆ داخستنی مزگەوتەکە بۆ ماوەی 24 کاژێر.
 
فەریدوون غەریب، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مزگەوتەکە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکان بۆ ماوەی 24 کاژێر دادەخرێت". هەروەها بەپێی گوتەکانی فەریدوون غەریب، "پەخشکردنی دیمەنەکانی نوێژکردن بە راستەوخۆ، ناڕەزایی خەڵکی بەدوادا هاتووە، چونکە مزگەوتەکە زۆر قەرەباڵخ بووە."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا شەوی قەدر لە کاژێر 12:00ـی شەو تاوەکو نوێژی بەیانی مزگەوتەکان کراوە بن، بەو مەرجەی هەموو کەسێک لەنێو مزگەوت ماسک ببەستێت. 
 
جگە لەوەش وەزارەتی ئەوقاف چەند مەرجێکی دیکەی دانا بوو بۆ کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان لە شەوانی قەدر وەکو: دەستنوێژ لە ماڵەوە هەڵدەگیرێت، نوێژخوێنان بەرماڵی تایبەت لەگەڵ خۆیان دەھێنن و دووری نێوانيان رەچاو بکرێ لە مەتر و نيوێك تاوەکو دوو مەتر، هەروەها، خواردن و خواردنەوە پێشکەش ناکرێت و دەبێت پاکوخاوێنیی مزگەوت بەگشتی بپارێزرێت. 
 

 

 

هەروەها پێش رەمەزان وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری ئەوە دراوە کە لە مانگی رەمەزاندا مزگەوتەکان بکرێنەوە. بەڵام 13 خاڵ و رێنوێنی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دانرابوو بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان کە ئەمانەن: 
 
1. نوێژی عیشا و تەراویح لە 35 خولەک زیاتر ناخایەنێت.
2. هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیێک بۆ بەربانگ لەناوەوە و دەرەوەی مزگەوت پێشکێش ناکرێت و قەدەخەیە.
3. دەستنوێژ لە ماڵەوە بگیرێت.
4. نوێژخوێن بە دەمامک و بەرماڵی تایبەتیی خۆیەوە دەچێتە ناو مزگەوت و پارێزگاری دووری نێوانیان بکات. 
5. مامۆستای ئایینی خۆی پابەندی تەواو بە دەنگ بەرزکەرەوەکان دەکات و بە دەمامک و بەرماڵی تایبەت بە خۆیەوە دەچێتە نێو مزگەوت.
6. تەوقەکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
7. لەبەر دەرگای هۆڵی نێژخوێنان تەنها دوو کەس دەبێت و ئامادەبێت لە یەکێک لەم چینانەی کە ئاماژەی پێکراوە (خۆبەخش یان فەرمانبەری حکومەت و یان فەرمانبەری سەر بە وەزارەت [خادم] یاخود بە هاوکاری دەزگای دیکەی پەیوەندیدار) بەمەبەستی دابەشکردنی دەماک و تەعقیمکردنی دەستی نوێژخوێنان.
8. هۆڵی ژنان دابخرێت.
9. مامۆستای ئایینی لە هەموو فەرزەکاندا، لە وتاردا هۆشیاری و رێنوێنی بدات بە نوێژخوێنان و جۆرێک لێپرسینەوە بکات لە وانەی پابەند نابن. 
10. هەوڵبدرێت رایەخەکانی ناو مزگەوت هەڵبگیرێت.
12. وتاری هەیینی و نوێژی هەینی لەنیو کاژێر زیاتر ناخایێنێت. 
13. بەشی پشکنین چاودێری مزگەوتەکان بکات و ئەو مزگەوتەی پابەند نەبوو بە رێنوێنییەکان دابخرێت.