لە ئیلام بوومەلەرزە روویدا

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک رۆژئاوای پارێزگای ئیلامی هەژاند؛ گوڕەکەی 3.2 پلەی رێختەر بوو و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیانی نەبووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 04-05-2025، کاژێر 05:08 خولەک (04:38 خولەک بە کاتی هەولێر)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.2 پلەی رێختەر لە رۆژئاوای پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا.
 
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 11 کیلۆمەتر بووە و چەقەکەی شاری میهرانی سەر بە پارێزگاکە بووە.
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تاوەکو ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هیچ زیانێک تۆمارنەکراوە.
 
ئەم ساڵ چەندین جار بوومەلەرزە بە گوڕی سێ بۆ چوار پلەی رێختەر لەو ناوچەیە روویداوە، کە چەقەکەیان شاری میهران و دەوروبەری بووە.
 
میهران شارۆچکەیەکی سنوورییە کە بە دووریی 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای واستی عێراق.