دوای 12 ساڵ لە کوژرانی کاوە گەرمیانی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی ئاسایش دەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
هاوژینی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی رایگەیاند، دوای نزیکەی 12 ساڵ لە سکاڵایەکی کاوە گەرمیانی بەرامبەر ئاسایشی کەلار، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری ئەوکاتەی ئاسایشی کەلار دەرکرا.
شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان و هاوژینی کاوە گەرمیانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پاش چەندین دانیشتنی دادگە لەسەر سکاڵایەکی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، فەرمانی گرتن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی کەلار دەرچوو".
بەگوێرەی هێزە ئەمنییەکانی گەرمیان بۆ رووداو، ساڵی 2011 ئەفسەرێک بە ناوی "مامۆستا سەیوان" بەڕێوەبەری ئاسایش بووە و ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو دەرکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووتری ئاسایشی کەلار بۆ جێبەجێکردن رەوانەی هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە کراوە.
سکاڵاکە بە تۆمەتی بریندارکردنی کاوە گەرمیانییە لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە ساڵی 2011.
رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، لە 05-12-2013 لە نێو حەوشەی ماڵی دایکی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستدا.