شیلان لەنێوان ژیان و مردندایە؛ "خوێنێکیان داوەتێ هی خۆی نییە" و لێکۆڵینەوە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شیلان تەمەنی 38 ساڵە، زیاتر لە 60 کاژێرە بێهۆشە؛ دایکی 6 منداڵە، بۆئەوەی منداڵی حەوتەمی لەدایک ببێت، نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا، بە گوتەی خێزانەکەی 40 خولەک دوای نەشتەرگەرییەکە، بەهۆی پێدانی خوێنێک کە لە جۆری خوێنی خۆی نەبووە، ئێستا ململانێ لەگەڵ مردن دەکات.
حاجی یاسین گوللی، برای هاوژینەکەی شیلان دەڵێت، "ئەو [کارمەندەی] پسووڵەی بۆ هێناین، گوتی: ئەمە دوو جۆر خوێنە بۆ یەک نەخۆش براون. [ناو و جۆری خوێنەکانی] لای خۆی تۆمار کردبوو، گوتی A+یش براوە و B+یش براوە. [پرسیمان] ئەمە چییە؟ گوتی: پێی بڵێن با جۆری خوێنەکەی دڵنیا بکاتەوە. خوێنی خۆی B+ـە. نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. ناوی پزیشکەکە ئاوانە. [پزیشکەکە] لە دەرەوە هات و پرسی جۆری خوێنەکەی چییە؟ گوتمان B+ـە. پزیشکەکەش یەکسەر چووە ژوورەوە، پێی گوتبوون: من پێم گوتن لەم بتڵە خوێنە بدرێت، کەچی دەرکەوت A+ـە. رەنگە A+ی پێدرابێت، ئێمە نازانین، چونکە لە ژوورەوە نەبووین؛ بەڵام هەردوو بتڵەکە لای ئەوان بوون."
لە زانستی پزیشکیدا، وەرگرتنی خوێنی نەگونجاو دەبێتە هۆی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، بە رێژەی جیاواز کاریگەریی لەسەر گورچیلەکان و گوشاری خوێن دروست دەکات. تاوەکو دەگاتە حاڵەتی سەرئێشە، بێهێزی و بێهۆشی."
د. رۆژهات عەبدولستار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن دەڵێت، "ئەوە پەیوەستە بەوەی چەند کات تێپەڕیوە تا پزیشکەکەی پێی زانیوە کە ئەم جۆرە [خوێنە] هی ئەو نییە. هەروەها پەیوەستە بە چەند شتێکی دیکەوە؛ ئایا پێشتر نەخۆشەکە جارێکی دیکە خوێنی وەرگرتووە کە لە جۆری [خوێنی] خۆی نەبووبێت؟ ئەگەر جاری یەکەمی بێت، مەترسییەکان کەمتر دەبن. سەرباری ئەمە، ئایا نەخۆشەکە نەخۆشیی دڵ و دابەزینی [گوشاری] خوێنی هەیە یان نا، [نەخۆشیی] درێژخایەنی هەیە یان نا. ئەگەر ئەمانە نەبن، ئەگەر هەموو ئەمانە نەبن، بە ویستی خودا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بە خێراترین کات هەڵدەستێتەوە."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی زاخۆ، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسە پێکهێندراوە، کە لە 5 پزیشک پێکدێت. هەموو ئەو کارمەندانەی شەوی 1ی ئایار لە ئەرکدا بوون، لەژێر لێکۆڵینەوەدان؛ لایەنی کەمتەرخەم سزا دەدرێت. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، شیلان هێشتا بێهۆشە و تەندروستیی منداڵەکەشی جێگیرە.