ئەشواق جاف: لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە و بەزووترین کات حکومەت پێکدەهێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان یەکێتی و پارتی هەیە و بەزووترین کات حکومەتی نوێ پێکدەهێندرێت.
 
 رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، ئەشواق جاف لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بۆ هەڵبژاردنی عێراق، زۆر گرنگە کورد بە یەک لیست بەشداری بکات، چونکە لەو هەڵبژاردنە کورد پێشبڕکێ لەگەڵ لایەنی غەیرە کورد دەکات لەو سنوورە، بۆیە یەک دەنگیش بۆ کورد زۆرە، گفتوگۆکردنی لایەنەکان لەسەر یەک لیستی گرنگە، هەرکاتێک داواکارییەک بێت بۆ ئێمە وەکو سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆی دەکەین و بڕیاری خۆمانی لەبارەوە دەدەین".
 
بڕیارە 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
 
وەک ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان کورسییەکان دیاریکراون، لایەنە کوردستانییەکان لە نێوان خۆیان لە کوردستان پێشبڕکێ دەکەن، هەر لایەنێکی کوردی دەنگی زۆری هێنا کورسییەکە بەدەستدەهێنێت و دەبێتە نوێنەری کورد لە بەغدا، بۆیە ئەگەر لە کوردستانیش بە یەک لیست بەشداری نەکەن کێشە نییە، چونکە لەکۆتاییدا کورسییەکە هەر لایەنێکی کوردی دەیباتەوە، بەڵام لە ناوچە کوردستانییەکان یەک دەنگیش بۆ کورد زۆرە".
 
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، ئەشواق جاف گوتی، "ئەوەی لای یەکێتی و پارتی گرنگە ئەو رەشنووسەیە کە چۆنیەتی کارکردنە بۆ قۆناخی داهاتوو، کە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکات بەبێ جیاوازی، لیژنەی تەکنیکی لە قۆناخی یەکەمدا زیاتر لە شەش کۆبوونەوەیان کردووە، دواجاریش جەنابی کاک مەسرور بارزانی و بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بەیەکەوە کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتێک پێکدەهێندرێت، یەک حکومەتە و بەهێزە، خزمەتگوزارە، یەک هەڵوێست دەبێت لە بەغدا بۆ ئەو هەموو پێشێلکارییەی بەرامبەر کوردستان دەکرێت".
 
گوتیشی، "کۆبوونەوەکانی داهاتوو و قۆناخی دووەم باسی پۆستەکان دەکرێت، بەڵام گرنگ رەشنووسەکەیە. گفتوگۆ لەسەر پۆستەکان کراوە و هیچ پۆستێک کێشەی لەسەر نییە، چونکە بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن کۆبوونەوەکان دەکرێن، بەڵام هەر لایەنێک کە هەر پۆستێک وەردەگرێت پێویستە ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن کە لە ناو کارنامەی حوکمەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو تەواو دەکرێن".
 
بە گوتەی ئەشواق جاف، لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە لەنێوان هەردوولا، دوایی هەردوو شاندەکە بە فەرمی رایدەگەیێنن کە چییان باسکردووە، بەزووترین کات حکومەت پێکدەهێندرێت، بەڵام ناتوانین هیچ کاتێکی بۆ دیاری بکەین.
 
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی باسی لە یەکلیستیی یەکێتی و پارتی کرد و گوتی، "پارتی ئیمانی بە دیموکراسی هەیە، هەڵبژاردنیش پرۆسەیەکی دیموکراسییە و هەموو حیزبێک ئازادە چۆن بەشداری دەکات، بەڵام ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم زۆر گرنگن؛ چەند کورسی زیاد بێت ئەوەندە دەسەڵاتی کورد لەنێو پەرلەمان زیاد دەبێت، بەمەش دەتوانین ئەو بەندانەی دەستوور جێبەجێ بکەین کە تاوەکو ئێستا بە جێبەجێنەکراوی ماونەتەوە".
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرا. پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.