تەرزە زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ورمێ دەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ دەڵێت: "بارینی تەرزە زیانی بە کشتوکاڵ و باخی 10 گوند گەیاندووە".
 
رۆژی یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، غوڵام حوسێن ئازاد، قایمقامی شاری خۆی رایگەیاند: "دوێنێ شەممە بارینی تەرزە تەنیا 5 خولەک بەردەوام بوو، بەڵام زیانی زۆری بە کشتوکاڵ و باخی ناوچەکە گەیاند".
 
غوڵام حوسێن ئازاد گوتی: "تەرزەکە زیانی زۆری بە گەنم، گوڵەبەرۆژە، باخی قەیسی، باخی گێلاس و هەندێک میوە و تەنانەت گیای بەهاریش گەیاند".
 
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە بەشێک لە ناوچەکانیش بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ و تەرزەوە لافاو دروستبوو.
 
بەپێی کەشناسیی ئێران، بارانبارین تاوەکو رۆژی دووشەممە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەگەری هەڵکردنی بای بەهێز و هەورەبرووسکەش هەیە.