نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان دابەزی، ئەمڕۆ کیلۆی بە نزیکی 2 هەزار و 500 دینارە.
 
کاروان محەممەد، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 2 هەزار و 450 دینار دەفرۆشین".
 
هەر ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە سلێمانی 2500 دینارە و لە دهۆک 2350 دینارە.
 
نێوەڕاستی مانگی رابردوو کیلۆیەک مریشک لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار دیناری تێپەڕاند.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە، کاروان محەممەد گوتی: "مانگی رابردوو کەش ساردبوو نرخی سووتەمەنیش بەرزبوو، ئێستا کەش گەرمە و سووتەمەنیش دابەزیوە، خواستیش لەسەر مریشک کەمە و هەموویان هۆکاری دابەزینی نرخن".
 
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
 
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە