کەسێک بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی پەلەوەرخانە لە ناوچەیەکی گەشتیاری دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە رایدەگەیێنێت، لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ئەو شۆفێرەیان دۆزیوەتەوە کە بڕێکی زۆر پاشەڕۆی پەلەوەری لە نزیک پردی هیزۆپ فڕێدابوو و ئێستا رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.
بەشدار عەزیز، هاونیشتمانیی لەو سنوورە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ماوەی 4 بۆ 5 رۆژە بڕێکی زۆر پاشەڕۆی پەلەوەرخانە لە نزیک پردی هیزۆپ فڕێدراوە. ناوچەکە شوێنێکی گەشتیارییە، بەڵام بەهۆی ئەو بۆنە ناخۆش و پیسەوە کە بڵاو بووەتەوە، ئێستا کەس ناتوانێت سەردانی بکات."
بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، هەرچەندە هەوڵێک بۆ پاککردنەوەی شوێنەکە دراوە، بەڵام وەک پێویست نییە و هێشتا پاشماوەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە و سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە هەیە.
سەبارەت بەم بابەتە، د. زانا رەسول، بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە لایەن هاونیشتمانیانەوە ئاگادار کراینەوە، هێزە ئەمنییەکانمان راسپارد بۆ دۆزینەوەی ئەو گەڵابەیەی پاشماوەکەی فڕێدابوو. لە رێگەی کامێراکانی چاودێری و سەرچاوەکانەوە توانرا شۆفێرەکە بدۆزرێتەوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکە دانیشتووی سنووری ئەوان نییە و پاشماوەکەی لە دەرەوەی ناحیەکە هێناوە، بەڵام "ئێستا بە فەرمانی دادوەر دۆسیەی بۆ کراوەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر."
هیزۆپ یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و ساڵانە لەم وەرزەدا گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن.