کچە کوردێکی ئێزدی دوای 12 ساڵ لە رفاندنی، رزگار کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

کچە کوردێکی ئێزدی کە لە تەمەنی 7 ساڵی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوو، ئەمڕۆ گەیێندرایەوە شنگال و بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای چەند رۆژێک کارکردن لەسەر کەیسەکەی، ئەمڕۆ ئەو کچەمان گەیاندەوە نێو کەسوکارەکەی لە شنگال".
 
(ج. ع) کاتێک تەمەنی 7 ساڵ بوو لە هێرشی چەکدارانی داعش لە 3ـی ئابی ساڵی 2014 لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لە شنگال رفێندرا. حوسێن قائیدی گوتی، "پێنج کەس لەو خێزانە رزگارکراون. ئێستا تەنیا باوکیان بێسەروشوێنە."
 
کچەکە لە سووریا رزگار کراوە. بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش نەیویست ئەو شوێنە ئاشکرا بکات کە ئەو کچەی تێدا رزگارکراوە و هۆکارەکەشی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە "ئێزدی دیکە لەو ناوچەیە ماون و هەوڵ بۆ ئازادکردنیان دەرێ."
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 3ی ئابی 2014دا 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران و هەزارانیش کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
 
حوسێن قائیدی دەڵێ، "تاوەکو ئەمڕۆ 04ـی ئایاری 2026، سێ هەزار و 595 ئێزدی رفێندراوی دەست داعش رزگارکراون و نزیکەی دوو هەزار و 500 کەسیش بێسەروشوێنن."