شەپۆلێکی خۆڵبارین سنە دەگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین پارێزگاکەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە کوالێتیی هەوا لە چوار شاری گەورە دابەزیوە. هۆشداریش دەدرێتە منداڵان و بەساڵاچووان کە تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 04-03-2026، کەژاڵ حەبیبزادە، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی کەشناسیی سنە، رایگەیاند، "لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە پارێزگای سنە کردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی سبەی سێشەممە بەردەوام بێت."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کەشناسی، بەهۆی چڕیی خۆڵبارینەکەوە، کوالێتیی هەوا و مەودای بینین لە شارەکانی (سنە، مەریوان، سەقز و کامێران) بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. راشیگەیاند، "بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکان، هەوای ئەو چوار شارەی پارێزگاکە لە ئاستی هۆشداریدایە."
 
کەژاڵ حەبیبزادە هۆشداریی دا کە ئەم کەشوهەوایە بۆ منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنی وەک رەبوو و دڵیان هەیە مەترسیدارە. داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی چوونەدەرەوەی زۆر پێویستدا، دەمامک بەکاربهێنن.
 
پیسبوونی هەوا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە نزیکەی 50 هەزار کەس لەو وڵاتەدا بەهۆی کاریگەرییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.