دادگەیەکى کەرکووک دوا دانیشتن لەسەر سکاڵای سێ عەرەب دژى دوو جووتیاری کورد دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەک لە کەرکووک دانیشتنی کۆتایی تایبەت بە سکاڵای سێ هاووڵاتیی عەرەب لە دژی دوو جووتیاری کورد لەبارەی چارەنووسی هەزار دۆنم زەوی دەکات، دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشوو بە کەفالەت جووتیارە کوردەکانی ئازاد کرد.
 
سێ جووتیارە عەرەبەکە خەڵکی گوندی (مەلحە)ن لە سنووری دووبز و جووتیارە کوردەکانیش لە گوندی (جێسمە)ن لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان. ئاوی زێی بچووک دوو گوندەکە لە یەکدی جیا دەکاتەوە، بەهۆی گۆڕانی رێڕەوی ئاوەکە بەپێی تێپەڕبوونی کات، وایکردووە بچێتە سنووری زەویی عەرەبەکان و زەویی گوندە کوردییەکە زیاد بکات، ئێستا عەرەبەکان داوای ئەو زەوییانە دەکەن.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: جووتیارە کوردەکان لەلایەن دادگەی دووبزەوە بە کەفالەت ئازاد کراون و داوایان لێکراوە بۆ دانیشتنی داهاتوو بەڵگەی خۆیان بهێنن.
 
ئەو زەوییانەی سکاڵاکارەکان داوای دەکەن لە ساڵی 1963ـەوە بەهۆی دەرکردنی جووتیارانی کورد لێیان داگیرکراوە و دراونەتە عەرەبەکان و لە ساڵی 2003 کوردەکان گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانیان.
 
زرار مستەفا، یەکێک لەو دوو جووتیارە کوردە بە رووداوی گوت: "دادگە رۆژی 4ی ئایاری دیاریکردووە بۆ ئەوەی دانیشتنی کۆتایی لەبارەی ئەو دۆسیەیە بەڕێوەبچێت".
 
لە دانیشتنی پێشووی دادگە کە 15ی نیسان بوو، دادوەر گوتەی لە هەردوولای سکاڵاکار و سکاڵالێکراو وەرگرتووە و جووتیارە کوردەکانی بە کەفالەت ئازاد کردووە.
 
زرار مستەفا گوتى: "ئەوە زەویی باب و باپیرانمانە، جووتیارە عەرەبەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە لە دادگە هەڕەشەمان لێکردوون، بەڵام ئەوە رووینەداوە".
 
زەوییەکانی ئەو ناوچە کوردستانییە لە کاتی هەڵمەتی بەعەرەبکردن لە کورد وەرگیراوەتەوە و دراوە بە عەرەبە هاوردەکان، لەدوای ساڵی 2003 بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانیان.