قایمقامی چەمچەماڵ: گەنجێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، هۆکارەکەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
رۆژی دووشەممە، 04ـی ئایاری 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ، گەنجێک بەناوی (هـ، م، ف) کە لەدایکبووی ساڵی 1992ـە، لە گوندی گورگەی سووری سەر بە قەزای چەمچەماڵ کوژراوە."
سەبارەت بە هۆکارەکەی، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، کوشتنی ئەو گەنجە لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە.
ئاسۆ بەکر گوتیشی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، گەنجەکە لەلایەن خزمێکی خۆیەوە لە چۆڵەوانییەک لە نێو ئۆتۆمبێلەیدا کوژراوە."
تاوەکو ئیستا هیچ کەسێک لەسەر کوشتنی ئەو دەستگیر نەکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بەدواداچوون بەردەوامە.
پاش رووداوەکە، تەرمی ئەو گەنجە رەوانەی دادپزیشکی کرا و دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، هەر ئەمشەو لە چەمچەماڵ بە خاکسپێردرا.