کاتی ناردنی دۆسیەی لاهوور جەنگی بۆ هەولێر ئاشکرا دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی 7ی ئایاری 2026، دادگە لەبارەی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دابنیشێت و بڕیار لەبارەی گواستنەوەی دۆسیەکەی بدات.
 
رۆژی دووشەممە، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای تەواوبوونی وردبنی لە دۆسیەی گیراوانی لالەزار شێخ لاهوور و هاوڕێکانی، لە 7ی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادبینی دەکرێت بۆ خوێندنەوەی دۆسیەکە و بڕیاردان لەبارەیەوە." کە مەبەست لێی داوای ناردنی دۆسیەکەیەتی بۆ هەولێر.
 
ئەو پارێزەرەی لاهوور شێخ جەنگی گوتیشی، چەندین جار هەوڵیان داوە کەیسەکە بگوازنەوە و گوتی: "9 جار داوای گواستنەوەی کەیسەکانمان بۆ شاری هەولێر کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکارییەکەمان قبووڵ نەکراوە."
 
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازی نەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
 
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
 
لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، نیوەڕۆی 19ـی نیسان، مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە راگەیاند. بەڵام دانا تەقیەدین گوتی: "لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، مانگرتنیان شکاندووە، دوای ئەوەی بەڵێنیان پێدرا دۆسیەکانیان رێکاری یاسایی وەربگرێت."