ئیدر؛ بەهۆی هێرشی هەنگەوە 400 سەر ئاژەڵ مرداربوون


رووداو دیجیتاڵ

لە ئیدری باکووری کوردستان، بەهۆی هێرشی هەنگ بۆ سەر مێگەلێک، 400 سەر ئاژەڵ مرداربوون. 
 
مێگەلێک کە لە 4 هەزار سەر پێکهاتبوو، خاوەنەکەیان بەناوی چەتین نارال بەیاوەری ژمارەیەک شوان، لە نێوان گوندەکانی حەکمەحمەد و ئاغاوەر بەڕێوەبوون بۆ ناوچە شاخاوییەکان. لە رێگەدا لە نزیک 200 پوورەی هەنگ تێپەڕین و رووبەڕووی هێرشی هەنگەکان بوونەوە.
 
بەهۆی هێرشەکەوە، ئاژەڵەکان ترسان و یەک بەدوای یەک کەوتنە نێو دۆڵێکەوە کە حەوزێکی گەورەی ئاودێری تازە دروستکراوی لێبوو. 
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی رووداوەکەدا 400 سەر مەر و بەرخ مردار بوون. 
 
هەروەها لە کاتی هێرشی هەنگەکاندا 5 لە شوانەکان برینداربوون و گەیێندرانە نەخۆشخانەی حکومیی ئیدر و چارەسەریان بۆ کرا.
 
هەر ئەمڕۆ بڕیارە لە شوێنی رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگای ئیدر، سندووقی بیمەی کشتوکاڵی (TARSİM) و تیمەکانی جەندرمە پشکنینی ورد بکەن.
 
ئیسماعیل نارال، یەکێکە لە شوانەکان، لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند: "مێگەلەکەمان بەرەو ناوچە شاخاوییەکان دەبردن. بەهۆی تاریکی رێگەوە، ئاژەڵەکان چوونە نێو پوورەی هەنگەکان. لەناکاو وەک ئەوەی تەرزە لێیدابن، بە دەوری خۆیاندا دەسووڕانەوە و ئاژەڵەکان ژێرپێکەوتن و خنکان، نەمانزانی شتێکی وا روودەدات. هەنگەکانمان بینی، بەڵام وامان بیرنەکردەوە بە رۆیشتن بەم رێگەیەدا ئەمە رووبدات. هەنگەکان نەیانکوشتن، بەڵکو بەهۆی ژێرپێکەوتنەوە بوو."