سووتێنەری پاشماوە پزیشکییەکان لە تانجەرۆ ژینگەی ناوچەکەی تێکداوە؛ وادەی چارەسەر دیاریکرا


رووداو دیجیتاڵ

دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی سووتێنەری پاشماوە پزیشکییەکان لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، دانیشتووان و کرێکارانی ناوچەکەی بێزار کردووە. بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە مانگی داهاتووەوە کۆمپانیایەکی نوێ بە سیستمێکی پێشکەوتوو دەستبەکار دەبێت و کێشەکە کۆتایی دێت.
 
سەرهەنگ عارف، کە لە کارگەیەکی بلۆک لە ناوچەی تانجەرۆ کار دەکات، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لەم ناوچەیە سووتێنەرێک دانراوە کە پاشماوەی پزیشکیی هەموو نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکانی سلێمانی بۆ دەهێنرێت. دووکەڵێکی رەشی پیسی هەیە و بۆنەکەی ژیانی لێ تاڵ کردووین؛ بەهۆی ئەم دۆخە ژینگەییە خراپەوە، تەنانەت کرێکاریش ئامادە نییە بێتە لای ئێمە کار بکات."
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر ئەو شوێنە داخرابوو، بەڵام ماوەی زیاتر لە مانگێکە دووبارە دەستیان بە کار کردووەتەوە و هیچ فلتەرێکیشیان نییە. گوتیشی: "خەڵک لەوێ نیشتەجێن و گوزەرانیان لەسەر کارکردنە، بەڵام هیچ کەسێک بەدەم سکاڵاکانمانەوە نایەت." بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، دووکەڵی سووتێنەرەکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە.
 
لە بەرامبەردا، شایی ئاوات، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئاگاداری کەیسی ئەو سووتێنەرەی تانجەرۆین. ئەوە کاری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستییە و گرێبەستی لەگەڵ کراوە."
 
سەبارەت بە چارەسەری ئەو کێشەیەش، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی گوتی: "لە 1ـی حوزەیرانی داهاتووەوە، کۆمپانیایەکی نوێ دەستبەکار دەبێت کە سیستمی ئۆتۆکلاڤ و (Shredder)ـی هەیە، کە تەکنەلۆژیایەکی زۆر باش و پێشکەوتووە بۆ لەناوبردنی پاشماوە پزیشکییەکان. بە دڵنیاییەوە لەو بەروارەوە ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر دەبێت."