د. هەیمان تەحسین: پێویستە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی 11 هەڵبژاردن بکرێت

رووداو دیجیتاڵ 
 
بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت: "پێویستە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت".
 
د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دابەشکردنی 5 کورسی کۆتاکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا پەسند کرد بەجۆرێک لە بازنەی هەولێر کورسییەک بۆ کریستیان و کورسییەک بۆ تورکمان، لە بازنەی سلێمانیش بە هەمانشێوە و لە بازنەی دهۆکیش کورسییەک بۆ کریستیانەکان تەرخان دەکرێت.
 
لەبارەی کردنەوەی دەرگەی تۆمارکردن بەڕووی هاوپەیمانێتییەکاندا، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتی: "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییەکی تەواوین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاردراوە لە خشتەی کاتی هەڵبژاردن و لە 5ی حوزەیرانەوە دەرگەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی و بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
"ئەو پارت و هاوپەیمانێتییانەی پێشووتر تۆمارکران لە کۆمیسیۆن وەکو خۆیان دەمێننەوە و هەر کەس و لایەنێکی دیکەش بییەوێت دەتوانێت خۆی تۆمار بکات" بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وای گوت.
 
گوتیشی: "ئێستا چاوەڕوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانین تاوەکو مەرسوومێک دەربکات بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن."
 
"10 پارتی سیاسیی تۆمارکراون"
 
لە بەشێکی دیکە گوتەکانیدا د. هەیمان تەحسین باسی لە تۆماری لیست و هاوپەیمانێتیی و بەربژێرەکان کرد و گوتی، پێشتر تیمەکانمان 10 پارتی سیاسیی و دوو هاوپەیمانێتییان تۆمارکردووە بۆ بەشداریی هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە دەرگەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێتەوە تاوەکو ئەو لایەنە سیاسییانەی پێشتر خۆیان تۆمارنەکردبوو ئێستا خۆیان تۆمار بکەن یان چەند لایەنێک بییانەوێت هاوپەیمانیێتی ببەستن دەتوانن ببنە هاوپەیمان.
 
لەبارەی ئەو لیست و بەربژێرانەش لە پێشتر ژمارەی هەڵبژاردنیان وەرگرتبوو کە ئایا ژمارەکانیان وەکو خۆیان دەمێنێتەوە یان دووبارە تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت و ژمارەی نوێیان پێدەدرێت بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت: تاوەکو ئێستا لە گفتوگۆدان و هیچ بڕیارێک نەدراوە و لە رۆژانی داهاتوو بڕیار دەدرێت ئایا ژمارەی ئەو بەربژێر و لیست و هاوپەیمانێتییانەی پێشتر بە تیروپشک پێیاندراوە وەکو خۆی بمینێتەوە و ئەوانەی دیکە کە تۆماردەکرێن ژمارەیان پێبدرێت یان هەموو لایەنەکان بخرێنەوە نێو تیروپشک و ژمارەی نوێیان پێبدرێت.
 
"مانگی 11 دوا وادەیە"
 
د. هەیمان تەحسین باسی لە وادەی هەڵبژاردن کرد ئاماژەی بەوەکرد، تەمەنی کۆمیسیۆن دەستنیشانکراوە و 7ی کانوونی دووەمی 2025 کۆتایی دێت، "بە سروشتی خۆشی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ئەنجام بدەین لانی کەم پێویستمان بە مانگ و نیوێک هەیە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەنجام و تانەکانی هەڵبژاردن، هەربۆیە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دوا وادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆمیسیۆن بتوانێت لە تەمەنی خۆیدا ئەنجام و تانەکانی هەڵبژاردنەکە یەکلایی بکاتەوە."
 
لەبارەی مەرجەکانی بەشداریی ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی کە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن جەختیکردەوە، کە مەرج نییە ئەو پارتە سیاسییانەی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن تەنیا لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی حیزبیان وەگرتبێت، هەر پارتێکی سیاسیی لە عێراق یان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت بەڵام ئەگەر چالاکییە سیاسییەکانی لە هەرێمی کوردستان بێت ئەوا دەتوانێت خۆی تۆماربکات و بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات.
 
"مەرج نییە لایەنێک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی هەبێت ئینجا رێگەی بدرێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات، بەڵکو هەر لایەنێک لە عێراقیش مۆڵەتی هەبێت بەڵام چالاکیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هەبێت رێگەپێدراوە بۆ بەشداریی پرۆسەکە" بەپێی د. هەیمان تەحسین
 
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت ئەوەش لەسەر بنەماى بنەماى سکاڵایەک کە لە دژى دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان "بەبێ رێکارى پاراستن"ـی مافى نوێنەرایەتیکردنى پێکهاتەکان پێشکێشکرابوو.