لە خەبات ئاگر لە دەخڵودانی جووتیاران کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری گوندەکانی قەڵاتگە و سمایلاوا، ئاگر لە زەوی جووتیاران بەربووە. بەهۆی هەبوونی بایەکی بەهێزەوە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ئەستەم بووە و گەنمێکی زۆری جووتیاران سووتاوە.
 
کەمێک پێش ئێستا ئاگرێکی گەورە لە زەویی بەگەنم چێنراوی جووتیارانی گوندەکانی قەڵاتگە و سمایلاوا لە سنووری قەزای خەبات کەوتەوە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە.
 
دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەر بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە چوونەتە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بایەکی بەهێز هەڵیکردووە، کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە ئەستەم بووە و تادێت زیاتر تەشەنە دەکات.
 
یەک لەو هاووڵاتییانەی بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی چووەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە بە رووداوی گوت: "ئەو زەوییانە هەمووی بە گەنم چێندراون و ئێمە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاتبووین، بەڵام ئاگرەکە بە جۆرێک تەشەنەی کردووە، لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەماوە و هیچمان پێناکرێت".
 
بەهۆی هەڵکردنی ئەو با بەهێزە ئاگرەکە خەریکە نزیک دەبێتەوە لە چەند بەنزینخانە و پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل کە لەو سنوورەن. هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدان کۆنتڕۆڵی بکەن یان هیچ نەبێت ئاراستەکە بگۆڕن بۆ ئەوەی بەنزینخانە و پێشانگەکان نەگرێتەوە.