سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی کەرکووک: وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلان دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک تاوەکو ئێستا نزیکەی 80 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. بەرپرسێکی پارێزگاکە دەڵێت، "ئەمڕۆ یاخود سبەی وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلان دەستپێدەکات."
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 8 رۆژی رابردوودا 80 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆکانی پارێزگای کەرکووک کراوە، رۆژانە بە تێکڕا لە هەر چوار سایلۆکە 10 هەزار تۆن گەنم وەرگیراون.
لە کەرکووک لە چوار سایلۆ گەنم وەردەگیرێن، کە بریتین لە سایلۆکانی کەرکووک، تازە، ریاز و حەویجە.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک،سەرەتا رۆژانە 245 ناهەڵگر وەردەگیران، بەڵام دواتر کرایە 350 بارهەڵگر.
سەبارەت بە گەنمی دەرەوەی پلان عەبدوڵڵا میروەیس ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ یاخود سبەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلان دەستپێدەکات، لەگەڵ ئەوەی جووتیاران مەزەندەی زۆر زیاتر دەکەن، بەڵام پێشبینی دەکەن ئەویش نزیکەی 200 هەزار تۆن گەنم بێت، چونکە ئەو زەویانەی ئەم ساڵ پشتی بە باران دەبەست نەهاتبوو، ئەو زەویانەی بیر یاخود پشتی بە رووبار دەبەست بەرهەمی هەبووە و وەردەگیرێن.
هەروەها گوتیشی، گەنمی بنەتۆش وەردەگیرێت، ئەویش تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای نەهرین وەردەگیرێت.
بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵدان بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک رۆژی دووی ئەم مانگە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، رووبەرى خەلەى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک 250 هەزار دۆنمە، کە بە هەمان نرخى گەنمى ناو پلانى کشتوکاڵى وەردەگیرێت.
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
25ی ئایار وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى کەرکووک کە لە نێو پلانى کشتوکاڵى بوو لە رێگەى سایلۆکانى وەزارەتى بازرگانى دەستیپێکرد، کە رووبەرەکەى 560 هەزار دۆنمە، ئەمە وێڕای گەنمى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى.