لە سلێمانی دوو بازرگانیی مادەی هۆشبەر بە 'دوو کیلۆ کریستاڵەوە' دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر بڕی "دوو کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، چەکێکی بێمۆڵەت و دوو ئۆتۆمبێلدا گرتووە."
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، رۆژی سێشەممە، 03ـی حوزەیرانی 2025، دوای کۆکردنەوەی "زانیاریی ورد" و بەدواداچوونی هێزەکانیان لە سنووری سلێمانی، توانیویانە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە چالاکییەکدا دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیربکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو چالاکییەدا دەستبەسەر بڕی (2) کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ) گیرا، هەروەها چەکێکی بێ مۆڵەت و دوو ئۆتۆمبێلیش کە بۆ گواستنەوەی مادەکە بەکارهاتبوون، دەستیان بەسەردا گیراوە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا هەردوو بازرگانەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (25) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە."