عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، ئەوانەی دژایەتیی پرۆسەی چارەسەری دەکەن، شکست دەهێنن

رووداو دیجیتاڵ

میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکیدا کە بۆ کۆنگرەی پەکەکەی ناردووە، بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری خستووەتەڕوو و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتوویەتی: ''ئەوانەی دژایەتیی پرۆسەی چارەسەری دەکەن، شکست دەهێنن''.
 
گۆڤاری سەرخۆبوون کە گۆڤارێکی پەکەکەیە، رۆژی چوارشەممە، چواری حوزەیرانی 2025 پەیامێکی بڵاوکردەوە کە گوایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 25ی نیسانی ئەم ساڵدا نووسیویەتی.
 
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری خستووەتەڕوو.
 
بەگوێرەی گۆڤارەکە، ئۆجەلان لەبارەی بانگەوازەکەی 27ـی شوبات تایبەت بە "پێویستیی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە" گوتوویەتی: ''بابەتی خۆهەڵوەشاندنەوە بۆ ئێمە، رۆژەڤێکی نوێ نییە. کاتێک دەوڵەت داواکارییەکی وەهای کرد، بەپێویستم زانی وەڵامی بدەمەوە. ئاماژەم بەوەش کرد، لەڕووی ئەزموونی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە توانای چارەسەری کێشەکەم هەیە''.
 
گۆڤاری سەرخۆبوون باسی لەوەش کردووە، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتوویەتی: ''ئەگەر بڕیار بێت پرۆسەی بەستنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە دەستپێبکات، ئەمە کاتی دەوێت. بابەتەکە تەنیا خۆهەڵوەشاندنەوە نییە، پێویستە بەدرێژایی چەندین مانگ لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی تاوتوێ بکەین''.
 
وەک گۆڤارەکە دەڵێت، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: ''بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بە ئەنجام بگات، نابێت پەلەی لێبکرێت. دەوڵەت یان حکومەت، دەیەوێت یەکسەر بە 'چەکدانان' ناوی بهێنێت. ئەمە مامەڵەیەکی دروست نییە. ئێمە رێگە راستەکە دەخەینەڕوو، بەڵێن و داواکاریی ئێمە بریتییە لە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ''.
 
گۆڤاری سەرخۆبوون باسی لەوە کردووە، ئۆجەلان دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی بۆ پرۆسەی چارەسەری ''بەرز نرخاندووە'' و گوتوویەتی: ''سەیرە، دەستپێشخەرییەکە لەلایەن ئێمەوە نەکرا، بەڵکو لەلایەن کەسێکەوە کرا کە پێشتر دژایەتی دەکردین و داوای لەسێدارەدانی منی دەکرد''.
 
بەگوێرەی گۆڤارەکە، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی ئەوانەی دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، گوتوویەتی: ''شکست دەهێنن. بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان، ئەرک و بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆی لایەنەکان''.
 
وەک گۆڤاری سەرخۆبوون دەڵێت، ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، ئومێدی بە سەرخستنی پرۆسەکە هەیە و ئاماژەی بەوەش کردووە: ''سەرخستنی پرۆسەکە نەوەک بە تەنیا بۆ کورد و کوردستان، بەڵکو بۆ ناوچەکەیش دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی دەستکەوت. ئەو دەستکەوتانەیش لە سووریا، ئێران و عێراقیش رەنگدانەوەیان دەبێت. ئەمە وادەکات تورکیایش خۆی نوێبکاتەوە و دیموکراسی تێیدا بەرقەرار بێت''.
 
ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.