'بەغدا لەبارەی گەنمی جووتیارانەوە وەڵامی هەرێمی کوردستان ناداتەوە'

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن گەنمی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، کە بە نرخی فەرمی وەریبگرێت و ئەوانیش داوایان کردووە هەموو گەنمەکە وەربگرێت.
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن گەنمی وەکو پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، کە بە نرخی فەرمی وەری بگرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەم بڕە بە "زۆر کەم" دەزانێت و دەڵێت، هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان نووسراویان بۆ حکومەتی عێراق کردووە، کە بڕەکە زیاد بکەن، هاوشێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات و هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداونەتەوە.
 
بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، گەنمی دەرەوەی پلانیش وەردەگیرێت. ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
 
پار 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت.
 
پار بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاتر بوو لە ملیۆنێک تۆن بوو، نەوزاد شێخ کامیل گوتی،" پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵیش نزیک بێت لە بەرهەمی پار". گوتیشی، "پار پشکی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە 700 هەزار تۆن گەنم بوو، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی عێراق 685 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت."
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەنمی ئەم ساڵ کەمتر دەبێت لە ملیۆنێک تۆن، "گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، کەمیی باران و کەمبوونەوەی بڕی بەرهەمی دانەوێڵە، ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی گەنمی جووتیاران زۆر کەم بکات، بۆیە داوا دەکەین هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش وەربگیرێت."
 
بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵدان بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.