خەڵک بۆ ئاشتی ئامادەیە: پشتیوانی بۆ بڕیارەکەی پەکەکە 71.5٪ـە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سۆسیۆ-پۆلیتیک، 71.5٪ـی خەڵکی باکووری کوردستان پشتیوانی لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سۆسیۆ-پۆلیتیک لەنێوان 18-20ـی ئایاری 2025 لە 16 شاری باکووری کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی رۆژەڤی گشتی و هەڵوێستی دەنگدەران ئەنجامداوە.
راپرسییەکە رووبەڕوو لە ماڵاندا لەگەڵ هەزار و 504 کەس کراوە.
لێکۆڵینەوە فراوانەکە، ئاراستە و خواستی خەڵکی ناوچەکە سەبارەت بە پرسی کورد، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی دەردەخات.
زۆرینەی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە لێکۆڵینەوەکەدا کردووە، بڕیارەکەی پەکەکە بە ئەرێنی دەبینن و جەخت لەوە دەکەنەوە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە، پێویستە پەرلەمانی تورکیا رۆڵێکی چالاک بگێڕێت و گۆڕانکاریی دەستووری بکرێت.
لە راپرسییەکەدا قەیرانی ئابووری وەک کێشەی سەرەکیی خەڵک دەرکەوتووە، لە هەمان کاتدا زیادبوونێکی بەرچاو لە رێژەی دەنگەکانی دەم پارتی-دا بەدیکراوە.
گرنگترین کێشە چییە؟
لەسەر پرسیاری "بەڕای تۆ گرنگترین کێشەی سەرەکیی تورکیا چییە؟"، 68.9٪ـی بەشداربووان گوتوویانە "قەیرانی ئابووری/بێکاری"، 16.4٪ گوتوویانە "پرسی کورد"، 3.7٪ گوتوویانە "سیستمی پەروەردە"، 3.2٪ گوتوویانە "دۆخی ئێستای سیستمی دادوەری" و 2.7٪ گوتوویانە "نەبوونی دیموکراسی."
بڕیارەکەی پەکەکە چۆن دەبینرێت؟
پرسیار لە خەڵک کرا: "ئێوە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە کۆنگرەی 5-7ی ئایاری 2025 چۆن هەڵدەسەنگێنن؟"
رێژەی گشتیی ئەو کەسانەی بڕیارەکەی پەکەکە بە ئەرێنی دەبینن 71.5٪ـە.
هەروەها پرسیار لە خەڵک کرا: "بەبۆچوونی ئێوە، ئایا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دەبێتە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە تورکیا؟"
٪36.8ی بەشداربووان گوتوویانە "بەڵێ"، 22.7٪ی بەشداربووان گوتوویانە "نەخێر".
٪79ی خەڵک گوتوویانە بۆ ئەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی بێت، پێویستە پەرلەمان دەستپێشخەری بکات.
هەروەها 67.4٪ی خەڵک گوتوویانە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە دەستوور بگۆڕدرێت.