لە رۆژێکدا 24 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی سنووریی مێهران هاتووچۆیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پاریزگای ئیلام دەڵێت، لە سەروبەندی جەژنی قوربان و لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 24 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی سنووریی مێهران هاتووچۆیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، زاهدین چێشمە خاوەر رایگەیاند، لەو ژمارەیە 6 هەزار و 408 کەسیان هاتوون و 17 هەزار و 760 کەسیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات.
زاهدین چێشمەخاوەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیارەتکارانە لە شوێنە پیرۆزەکانی عێراقەوە گەڕاونەتەوە ئێران و چوار هەزار و 58ـیان بیانین و بە خاکی ئێراندا چوونەتە عێراق.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا هاتووچۆی زیارەتکاران بە دەروازەی سنووریی مێهراندا زۆر زیاتر بێت.
دەروازەی سنووریی مێهران یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، ساڵانە زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.