پڕۆژەی زۆم لە دوو ساڵدا سێ خەڵاتی باشترین براند و سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان دوو ساڵە کراوەتەوە، لەو ماوەیەدا سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ئایزۆ و چەندین خەڵاتی وەکو باشترین براند وەرگرتووە. پڕۆژەیەکی نوێش دەکاتەوە.
ئامانجی پڕۆژەکە وەک خۆیان دەڵێن، بەرهەمهێنانی شیرەمەنیی تەندروست و سرووشتییە دوور لە هیچ مادەیەکی پارێزەر و دەستکرد.
کۆمپانیاکە لە سەرەتادا رۆژانە نزیکەی 14 هەزار کیلۆ [14 تۆن] شیری دەکڕییەوە. ئێستا ئەو بڕە رۆژانە نزیکەی 40 هەزار کیلۆیە.
شیرەکە لە جووتیار و ئاژەڵدارانی 2700 گوندی هەرێمی کوردستان دەکڕدرێتەوە؛ 7 بەرهەمی لێ دروست دەکرێت و دەنێردرێتە بازاڕەکان.
بەم پێیە، زۆم یەکەمین پڕۆژەی بەرهەمی شیرەمەنییە کە سەرچاوەی بەرهەمەکانی تەنیا بەرهەمی جووتیاران و ئاژەڵدارانە و تاوەکو ئێستا پڕۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵی نییە.
بەرهەمەکان بریتین لە: ماستی پڕ چەوری، ماستی کەم چەوری، ماستاو، پەنیری سپی، قەیماخ، شیری تازەی پڕ چەوری و شیری تازەی کەم چەوری.
زۆم ژمارەی ناوەندەکانی وەرگرتنی شیری لە 12 ناوەندەوە بۆ 26 ناوەند زیادکردووە. زۆم تاوەکو ئێستا لە دوو ساڵی تەمەنیدا سێ جار بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ئایزۆی پێدراوە.
سێ خەڵاتیش تاوەکو ئێستا بەخشراونەتە زۆم؛ خەڵاتی باشترین بەرهەمی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووریی 2025؛ دوو خەڵاتی کۆتلەر وەکو باشترین براندی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ هەروەها عەبدولعەزیز شێروانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەری جێبەجێکار.
زۆم 318 کارمەندی هەن، بەکۆی گشتیش، 3 هەزار کەس بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پڕۆژەکە سوودمەند بوون.
پڕۆژەی زۆم لەسەر ڕووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا لە قەزای مێرگەسۆر بنیات نراوە.
پڕۆژەیەکی نوێ
عەبدولعەزیز شێروانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زۆم بە رووداوی گوت، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەیان خزمەتکردن و پاڵپشتیکردنی جووتیاران و گوندنشینانی هەرێمی کوردستانە، ئەوەش لە رێگەی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵی.
شێروانی لەبارەی ئامانجەکانی داهاتووی پڕۆژەی زۆم دەڵێت، روانینیان ئەوەیە لە 10 ساڵی داهاتوودا هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەیەکی گەورەی کشتوکاڵی لە عێراق و ناوچەکە. ساڵ بە ساڵیش کڕینی بەرهەمی جووتیار و ئاژەڵداران زیاتر دەکەن.
ئێستا زۆم چوار پڕۆژەی نوێی هەن کە ئێستا کاریان لەسەر دەکات؛ زۆمی کشتوکاڵی، ڤێتێرنەری، کێڵگەی بەخێوکردنی مانگای شیردەر و مارکێتی زۆم، کە ئەوەی کۆتایی دەبێتە پردێک بۆ بەیەکگەیاندنی بەکاربەر و بەرهەمهێنەر.
رۆژی یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، زۆم بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی دیکەی نوێی لە دەڤەری بارزان دانا کە تایبەتە بە بەخێوکردنی مانگای شیردەر.
کۆمپانیای ئەمریکیی GEG Construction سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات.
عەبدولعەزیز شێروانی دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت خزمەت بە هاونیشتمانییان بکەن و ئەوە ئامانجی هەرە سەرەکییانە. بەتایبەتیش دەیانەوێت دەرفەت بۆ گوندنشینان بڕەخسێنن.
گوتیشی، پرۆسەی کۆچکردنمان پێچەوانە کردووەتەوە؛ چەندین کەیس هەن کە خەڵک لە شارەوە گەڕاونەتەوە گوندەکان و لە پڕۆژەکانی زۆم سوودمەند بوون.
کۆمپانیای زۆم رۆژی چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومی و حیزبی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.
دوایین خەڵات کە زۆم بردبێتیەوە دوو خەڵاتی کۆتلەر بوون کە رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025 دابەشکران. وەرگرتنی خەڵاتەکان هاوکات بوو لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی کردنەوەی پڕۆژەی زۆم.