پارێزگاری هەولێر: کێشەی کەمئاوی لە توانای ئێمە دەرچووە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کێشەی کەمئاوی مەترسییەکی زۆر جیددییە و لە توانای پارێزگا دەرچووە، دەشڵێت: رۆژانە زیاتر لە 150 پەیوەندی تەلەفۆنی لەبارەی گرفتی کەمئاوییەوە بۆ دێت.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێکی گرنگ لە کارەکانی پارێزگای هەولێر سەردانی شوێنەکان و خواستی هاووڵاتییانە، ئێمە بەردەوام بەدواداچوون بۆ سکاڵا و داواکارییەکانی هاووڵاتییان دەکەن و ژوورێکیان دروستکردووە بۆ چارسەرەکردنی خێرا، چونکە ئەمساڵ هەولێر بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
 
پارێزگای هەولێر بۆ ئاو بەسەر سێ زۆندا دابەشدەبێت:
 
زۆنی یەکەم ناوچە شاخاوییەکان؛ رۆژهەڵات و باکووری هەولێر دەگرێتەوە تاوەکو دەگاتە نزیک شەقڵاوە، ئەو ناوچانە کێشەی ئاویان نەبووە، بەڵام ئەمساڵ ئەوێش کێشەی بۆ دروستبووە.
 
زۆنی دووەم، لە شەقڵاوە تاوەکو بەرانەتی، کە بە زۆنی مامناوەند هەژمار دەکرێت و زیاتر کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
 
زۆنی سێیەم، لە بەرانەتی بۆ خەبات و قوشتەپە و دەشتی هەولێر و سەنتەری شار، ئەم زۆنە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و کێشەی کەمئاوییان زۆرە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: هەولێر دوو سەرچاوەی ئاوی هەیە، 35٪ ئاوی سەرزەوییە و 65٪ی سەرچاوەکەی دیکە ئاوی ژێرزەوییە کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بۆ نموونە لە ساڵی 1996 قووڵی بیرلێدان 120 مەتر بووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 400 مەتر و لە هەندێ شوێن تاوەکو 500 مەتر رۆیشتووە".
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، هەموو هاوینان کێشەی ئاویان دەبێت، پێشتر لە مانگەکانی حەوت و هەشت کێشەکە سەریهەڵدەدا، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی پێنجەوە کێشەکان سەریانهەڵدا و مانگی هەشت کێشەی کەمئاوی زۆر زیاتر دەبێت و رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی نۆوە کەمێک بەرەو ئاساییبوونەوە بڕوات.
 
لە پارێزگای هەولێر 9 هەزار و 132 بیری یاسایی و 5 هەزار بیری نایاسایی و 164 بیری پیشەسازیی هەن. ئومێد خۆشناو دەڵێت: "120 بیر پێویستیان بە لێدانەوەیە، 100 بیر بەتەواوی وشکبوونە و 85 بیر پێویستیان بە سێتی پەمپە".
 
ئومێد خۆشناو داوای هاوکاریی لە هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێت: "مەترسییەکە زۆر جیددییە و لە توانای ئێمە دەرچووە، خەڵک هەن بە گریانەوە تەلەفۆنم بۆ دەکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی، رۆژانە زیاتر لە 150 تەلەفۆنم بۆ کێشەی ئاو بۆ دێت، بۆیە پێویستمان بە هاوکاری هاونیشتمانییانە و داوایان لێدەکەین دەست بە ئاوەوە بگرن، هەر ئاوێکیش بە نایاسایی راکێشرابێ دەیبڕین".
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی بکات و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، بەرەنگاربوونەوەی گرفتەکانی وشکەساڵی بێت. ئومێد خۆشناو دەڵێت: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی، ئەنجوومەنی وەزیران 2 ملیار و 500 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە، بەڵام تەنیا پارێزگای هەولێر پێویستی بە سێ ئەوەندەی ئەو پارەیە".