لە کرماشان کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر خێزانێک و چوار کەسیان لێ دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کەسێک بە کڵاشنیکۆف هەڵدەکوتێتە سەر خێزانێک و چوار کەسیان لێ دەکوژێت و پاشان رادەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی تەممووزی 2023 عەلیڕەزا دلێری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی پارێزگا بەشوێن کەسێکەوەن، کە بە چەک هەڵیکوتاوەتە سەر خێزانێک و چوار کەسی لێ کوشتوون.
 
رووداوەکە لە گوندی جەلالوەندی سەر بە شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان دەڵێت؛ ئەو دوو خێزانە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان لەنێواندا هەبووە و تەنانەت کێشەکە گەیشتووەتە دادگەش، بەڵام هەر چارەسەر نەبووە.
 
بە گوتەی عەلیڕەزا دلێری، ئەندامی یەکێک لە خێزانەکان بە چەکی کڵاشنیکۆف هەڵدەکوتێتە سەر خێزانەکەی دیکە، کە لەسەر زەوییەکەیان خەریکی کشتوکاڵ بوون و باوکی خێزانەکە و دوو کوڕ و زاوایەکیان دەکوژێت.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان گوتی؛ دوای کوشتنی چوار کەسەکە، تاوانبار هەڵاتووە، هێزەکانی پۆلیسی پارێزگا بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن و رووبەڕووی یاسای بکەنەوە.