قوتابییەک بە 12 ساڵ قۆناخی 12ی ئامادەیی دەبڕێت؛ 'هەموو جارێک ئینگلیزی 32 بۆ 36م دەهێنا'

 
رووداو - خەلیفان

چیرۆکی کۆڵنەدان و بەردەوامبوونی مەجید دەنگدانەوەی زۆری دروست کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە توانیی بە 12 ساڵ قۆناخی 12ی ئامادەیی ببڕێت.
 
مەجید نەجات ماڵی لە شارەدێی سرێشمەی خەلیفانە، دوای ئەوەی توانیی سەرکەوتن لە قۆناخی 12ی ئامادەیی بەدەستبهێنێت، دەستە دەستە خزم و ناسیاوانی چوون پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لێکرد.
 
مەجید نەجات، قوتابیی دەرچووی 12ی ئامادەیی دەڵێت، "لە ساڵی 2011دا چوومە پۆلی 12ی ئامادەیی، ساڵی 2011 خولی یەکەم بەشداریی تاقیکردنەوەم کرد و خولی دووەم نەچووم، لەو کاتەوە بە وانەی ئینگلیزیەوەم تائێستا، ئێستا لای من دوو جەژنە، یەکێکیان دەرچوونی خۆم و ئەوی دیکە بوونی گوندەکەمان بە ناحیە. هیوادارم ئەو 12 ساڵەم بەفیڕۆ نەڕوات و لەم ناحیەیە جێگەیەکم بۆ بکەنەوە."
 
یەکەم بەشداریکردنی مەجید لە ئەزموونی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ساڵی 2011 بووە. تەنیا بۆ دەرچوونی لە پۆلی 12 تائێستا 24 جار چووەتە هۆڵی تاقیکردنەوە.
 
مەجید نەجات گوتی، "لە خولی یەکەم 36 و لە خولی دووەم 32م دەهێنا، هیچ نەدەگۆڕا، نەدەبووە 37 و 38، زۆر سەیر بوو، نەشدەهاتە خوارەوە بۆ 30، هەر لە 32 رادەوەستا."
 
ئەو هەموو ساڵە مەجید تەنیا لە وانەی ئینگلیزی دەرنەچووە و هەموو جارێک لەو وانەیە 32 لە 100ی هێناوە، دواجاریش بە نمرەی 56 لێی دەرچووە.
 
هاوپۆلەکانی ئێستا بەشی زۆریان زانکۆیان تەواو کردووە و دامەزراون. مامۆستا دانا فازڵ، هاوپۆلی مەجید دەڵێت، "لەگەڵ مەجید بەیەکەوە لە یەک قوتابخانە دەمانخوێند، هەموو ساڵێک کە بەشداریی تاقیکردنەوەکانی دەکرد بە هیواوە بەشداردەبوو، دوای ئەو هەموو ساڵەی خوێندن توانیی بڕوانامەی پۆلی 12 بەدەستبهێنێت، بۆیە جێگەی شانازیی ئێمە و شانازیی خەڵکی سرێشمەشە."
 
لە سرێشمە 1150 خێزان هەن، 1900 قوتابی لە قۆناخەکانی خوێندنن، خاوەنی زیاتر لە 700 دەرچووە بە بڕوانامەکانی دیبلۆم و بەکالۆریۆس و دکتۆرا.
 
دەرچوونی مەجید هاوکاتە لەگەڵ بەناحیەبوونی سرێشمە، ئەو بەهیوایە بتوانێت بە دامەزراندنی تەمەنی داهاتووی بۆ خزمەتی شارەدێکەی  تەرخان بکات.