وەزارەتی دارایی: لەم مانگەوە دەبێت بەغدا پارەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم مانگەوە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.
رۆژی سێشەممە 4ی تەممووزی 2023 هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، دەبێت لەم مانگەوە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات و لەگەڵ راگەیاندنی پێدانی مووچەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا پارە بۆ هەرێمی کوردستانیش بنێرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پاکتاوی حساباتی شەش مانگی رابردوو سەردانی بەغدا دەکەن و بەگوێرەی یاسای بودجە پاکتاوی پارەی شەش مانگ دەکرێت. گوتیشی، "بە هەموو پێوەرێک دەبێت لەم مانگەوە مووچەی هەرێمی کوردستان لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت."
لەدوای 25ی ئادارەوە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، بەغدا چوار جار و هەرجارەی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و لەو کاتەوە دوو جار مووچەی مووچەخۆران دابەشکراوە.
بۆ دابینکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەو وەزارەتە پێویستی بە 940 ملیار دینارە.
یاسای بودجەى گشتیى عێراق بەرەبەیانى 12ى حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا؛ لە 21ى حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە؛ 26ی حوزەیران رۆژنامەکە بڵاویکردەوە و کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
یاسای بودجە بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.