شەڕی داعش و پێشمەرگە لە میدیا جیهانییەكاندا
رووداو- هەولێر
میدیاكانی جیهان باس لە شەڕی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ و شنگال دەكەن و زۆربەی راپۆرتەكان باس لە یەكەمین پێشڕەویی چەكدارانی داعش دەكەن لەبەرامبەر هێزەكانی پێشمەرگە. ئەو ئاژانسانە ئاماژەیان بەوەش كردووە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كۆنترۆڵكردنی بەنداوی موسڵ لەلایەن داعشەوە، بەڵام پێشمەرگە رایگەیاندووە كە ئەو بەنداوە تا ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا لە راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە هێرشەكانی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ، ئاماژەی بەوە كردووە كە چەكدارانی میلیشیا سوننەكانی عێراق و دەوڵەتی ئیسلامی كۆنترۆڵی كێڵگەیەكی نەوتی و شێ شارۆچكەی ئەو ناوچەیان كردووە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە "باس لەوەش دەكرێت، ئەو چەكدارانە كۆنترۆڵی بەنداوی موسڵیان كردبێت، ئەمە لەكاتێكدایە، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، رایانگەیاندووە بەنداوی موسڵ تا ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە". ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسێكی كوردەوە بڵاویكردووەتەوە كە ئەو بەنداوە نەكەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعش.
گاردیان لە راپۆرتەكەی خۆیدا باسی لەوە كردووە پێشمەرگە خۆی بۆ هێرشێكی بەرفراوان لەپێناو دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە ئامادەكردووە و پلانیان بۆ هێرشەكەیان داناوە.
رۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریكی سەبارەت بە هەمان پرس، راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەمە یەكەمین جارە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرامبەر هێرشێكی داعشدا بشكێن".
باس لەوەش دەكات "كۆنترۆڵكردنی شارێكی كۆنی وەك شنگال كە دانیشتووانەكەی خەڵكی ئێزدیین، مەترسییەكی گەورەیە و دەوڵەتی ئیسلامی ئێزدییەكانی بە شەیتان پەرست وەسفكردووە، بۆیە پێشمەرگە هەوڵدەدات بە زووترین كات هێرشی پێچەوانە ئەنجامبدات و داعش لەو ناوچەیە دەربكات".
رۆژنامە ئەمریكییە باسی لە نیگەرانییەكانی ئەمریكا سەبارەت بەو دۆخە كردووە و ئاماژە بەوەش دەكات "پێشمەرگە توانایەكی زۆر لەو زیاتریان هەیە بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكەیان دژ بە چەكدارانی داعش، بەڵام پەیوەندییە ئاڵۆزەكەی كورد لەگەڵ بەغدا و نەبوونی هیچ هاوكارییەك لەلایەن حكومەتی بەغدا و هەروەها پێنەدانی مووچە لەلایەن حكومەتی بەغداوە، كاریگەریی خۆی لەسەریان هەبووە".
ئەو رۆژنامەیە باس لەوەش دەكات سەرەڕای هەموو ئەو كێشانە پێشمەرگە پەیمانی دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی داوە و هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سووریاوە ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە نیشانداوە.
ئاژانسی هەواڵی دۆیچە ڤێلە، نووسیویەتی لە دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە بۆ یەكەمین جار داعش لە ناوچەیەكی ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدا پێشڕەوییان كردووە. ئەو ئاژانسە، باسی لە نیگەرانییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو دۆخە كردووە كە پێیوایە كارەساتی مرۆیی لیدەكەوێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەنتی وۆر لەو بارەیەوە، لە راپۆرتی خۆیدا، زیاتر تیشكی خستووەتە سەر مەترسییەكانی مانەوەی داعش لەو ناوچانە و باس لەوە دەكات هەر لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچەیەدا نزیكەی 30 كەسیان لە خەڵكی مەدەنی كوشتووە و ژمارەیەكیشیان رفاندووە و دەڵێت "ئێزدییەكان لەو ناوچەیە لەژێر هەڕەشەدان، بە تایبەت بەهۆی جیاوازی ئاینییەوە".
ئەو ئاژانسە دەڵێت "هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا پێویستی بە چەكی قورس هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆ نییە، پیویستی بەوەیە لەرێگەی بەغداوە چەكی پێبگات، ئەمەش كێشەیەكی ئاڵۆزە، لەكاتێكدا كە پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا خۆی بە قەیراندا تێدەپەڕێت، بۆیە كورد داوای لە ئەمریكا كردووە ، هەوڵبدات لەو پرسەدا بەغدا تێبپەڕێنێت و راستەوخۆ چەك بۆ كوردستان بنێرێت".
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، سەرەڕای باسكردن لە هێرشەكانی داعش و مەترسییەكان ئاماژە بە ترسناكی بوونی ئەو چەكدارانە دەكات لەو ناوچایەدا بە تایبەت بۆ ئێزدییەكان، "كە لەلایەن گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكانەوە بە بێباوەڕ و لەڕێ لادەر وەسفكراون".
نیویۆرك تایمز باس لەوەش دەكات "خەڵكی ئێزدی لەناو شارەكەدا بە بەرچاوی خەڵكەوە كوژراون و ترسێكی زۆریان لای خەڵك دروستكردووە، ئەمەش ترسی كارەساتی مرۆیی گەورەتری دروستكردووە، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاندووە كاری جیدی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەدنییەكانی هەولێر و بەغدا دەكات و هەوڵی هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش دەدات".