پێشمەرگە شنگال گەمارۆ دەدات و داعش دەچێتە نێو ماڵانەوە

 

رووداو - شنگال

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەی شنگالەوە ، هێزەكانی پێشمەرگە سێ لای شاری شنگالیان گرتووە.

پەیامنێرانی رووداو لە شنگالەوە رایدەگەیێنن كە هێزێكی زۆری پێشمەرگە دەوری شاری شنگالیان داوە لەسێ لاوەو ، چەكدارانی داعش چوونەتە نێو ماڵەكانی سەنتەری شاری شنگالەوەو لەوێوە لەنێو ماڵاندا شەڕ دەكەن .

فەرماندەیەكی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەبەرەی شەڕەوە بە تەلەفۆن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە پێشمەرگە ئێستا لەپێشڕەویدایە بەرەو شاری شنگال ، هەروەها رایگەیاند كە لەشكری تایبەتی گوڵان بە چەكی قورسەوە لەپێشەوەی هێرشی پێشمەرگەدایە بۆ سەر چەكدارانی داعش لە شنگال .

هەروەها فەرماندەیەكی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG لە رەبیعەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە هێزەكانیان ئێستا لە رەبیعە و لە شنگال شانبەشانی پێشمەرگە لەشەڕدان بۆ گرتنەوەی ناحیەی رەبیعە لەسەر سنووری نێودەوڵەتی سووریاو قەزای شنگال.

دوێنێ چەكدارانی داعش توانییان دەست بەسەر ناحیەی رەبیعە و شاری شنگال دا بگرن ، لە ئەنجامیشدا دەیان هەزار كەس لە كوردانی دانیشتووی ئەو ناوچانە كە زۆربەیان كوردی ئێزدین ئاوارەبوون و، دوێنێ لە چیای شنگالەوە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوایانكرد كە پێشمەرگە و جیهان بەدەنگیانەوە بچێت و بگەنە هاواریان لەبەر مەترسیی كۆمەڵكوژییان بەدەست داعشەوە .

هەروەها بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، ئێستا پێشمەرگە لەبەرەی ناحیەی وانكێی سەر بە قەزای تلكێفی پارێزگای موسڵیش لەپێشڕەویدان و شەڕ بەردەوامە.