ئەمریکا چەک دەداتە پێشمەرگە
رووداو - هەولێر
بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەكی باڵا لە هەرێمی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمریكا رازیبووە چەكی قورس بداتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و، چەكێكی زۆریش نزیكبووە لەوەی بگاتە دەستی پێشمەرگە .
ئەو سەرچاوەیە بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی روونكردەوە ، كە حكومەتی ئەمریكا رازیبووە كە پێویستە هاوكاری سەربازیی بداتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ، ناسراو بە (داعش). هەمان سەرچاوە ئەوەشیگوت كە ئەمریكا ئەمڕۆ بەتەواوی بڕیاریدا كە چەك بداتە هێزی پیشمەرگەی كوردستان . هەروەها گوتیشی هەندێ چەكی قورس و پێشكەوتوو بەرێگەوەن و زۆر نزیكبوونە لەوەی بگەنە دەستی پێشمەرگە.
دوای هێرشەكانی هێزەكانی داعش لەڕۆژی 9/7/2014 بۆ سەر موسڵ و ناوچە سوننەنشینەكانی دیكەی عێراق، چەكێكی زۆری پێشكەوتووی سوپای عێراق كەوتە دەست هێزەكانی داعش ، ئەو چەكەش لەلایەن هێزەكانی داعش لەشەڕیان لە سووریا و عێراق بەكاردەهێنرێت بۆ هێرشكردنە سەر سوپای عێراق و پێشمەرگە، هەروەهاش بۆ هەڵمەتەكانیان بۆ سەر مەسیحییەكان و كوردانی ئێزدیش .