لە گەرمیان کچێک لە ئاودا خنکا


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، کچێکی تەمەن 17 ساڵ لە بەنداوی توڕە جار لە ناحیەی باوەنوور خنکاوە و کەسوکارەکەی گوتوویانە، لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە.

رۆژی هەینی، 4ـی ئابی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کچێکی 17 ساڵ لە بەنداوی توڕە جار لە سنووری گوندی چیا چەرمووی سەر بە ناحیەی باوەنوور لە ئیدارەی گەرمیان خنکا.
 
کچکە ناوی ئایە لوقمانە؛ بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کەسوکاری کچەکە دانیشتووی گوندی گۆڕی ئەسپن لە گەرمیان و لەگەڵ کەسوکاری بە سەردان چوونەتە گوندی چیا چەرموو و "لەوێ لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە".
 
تەرمی کچەکە دەرهێندراوە و بۆ توێکاری رەوانەی دادپزیشکی کەلار کراوە.
 
بەگوێرەی بەدوادچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 60 کەس لە رووبار، چەم و دۆڵەکانی هەرێمی کوردستاندا خنکاون.