ئێران بۆ چەککردنی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەنا دەباتە بەر پلاسخارت


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئێرانی باس لەوە دەکات، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا داوای لە پلاسخارت کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەککردنی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، یارمەتیی ئێران بدات. 

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، رۆژی پێنجشەممە، 3-8-2023، محەممەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، تاران پێویستی بە هاوئاهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو شتەی کە بە "هەڕەشەی" پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی بردووە. 
 
ئێران پێشتر داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو ئەو پارتە رۆژهەڵاتییانە چەکبکەن کە لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە، بە پێچەوانەوە، بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، هێرش دەکەنەوە سەر کامپ و بارەگەی ئەو پارتانە. 
 
ساڵی رابردوو رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێراندا واژۆکرا کە بەشێکی پەیوەست بوو بە پارتە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری تاران. 
 
هەر هەمان ساڵ، دوای ئەو خۆپێشاندان و ئاڵۆزیانەی لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقز لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دروستبوون، ئێران ژمارەیەک هێرشی لە رێگەی تۆپ و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو سنووری هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو پارتانەی بە دروستکردنی پشێوی و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی دەسەڵاتەکەی تۆمەتبارکردن. 
 
رۆژی 24-7-2023 خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دانانی چەک بە رووداوی گوت، "تائێستا رێککەوتنێک نییە کۆتایی بە دۆسێیەکە بهێنێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداش لەسەر هێڵین، رێگەچارەی جۆراوجۆر باس دەکرێن. ئێران کۆمەڵێک داوای هێناوەتە ئاراوە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، "نامانەوێت خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەینە سەنگەری شەڕ لەگەڵ ئێران."