لە کرماشان تانکییەکی سووتەمەنی تەقییەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی دیزلئاوای ناوەندی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تانکییەکی سووتەمەنی تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
 
 
رووداوەکە شەممە 03-08-2024، لە گەڕەکی دیزلئاوای کرماشان روویداوە، رەزا رەزایی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کرماشان رایگەیاند، تەقینەوەی تانکییەکە بەهۆی لەحیمەوە بووە.
 
رەزا رەزایی گوتی، رووداوەکە بەهۆی کۆبوونەوەی گازی سووتەمەنی لە تانکییەکەدا روویداوە کە کاتی لەحیم، گڕی گرتووە و تەقیوەتەوە. 
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کرماشان ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکە گواستراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان و چارەسەر وەردەگرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی ناوەندی پارێزگای کرماشان، ساڵی رابردوو (21-03-2023 تاوەکو 21-03-2024) لانیکەم هەزار و 465 ئاگرکەوتنەوە لە سنوورەکە روویانداوە، کە لەگەڵ هەزار و 338 رووداوی جۆراوجۆری دیکە، گیانلەدەستدانی 42 کەسیان لێکەوتووەتەوە.