'موبەریدە دەڵێی زووحاكە'؛ بێ ئاوی بەرۆکی سلێمانی گرتووە و خەڵکی بە تانکەر ئاو دەکڕن
رووداو دیجیتاڵ
قەیرانی كەمئاوی لە سلێمانی كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە چارەكە سەدەیەك دەگەڕێتەوە، ئەم ساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كەمیی بەرهەمهێنانی ئاوەوە، سەختر و كاریگەرتر دەركەوتووە.
دانیشتووانی زۆربەی گەڕەكەكان سێ بۆ چوار رۆژ جارێك ئاویان پێدەگات و زۆرێكیان ناچارن بە پارەیەكی زۆر ئاو لە تانكەرەكان بكڕن.
مەحسوومە حوسێن، كابانی ماڵێكە و بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "موبەریدە دەڵێی زووحاكە لەم هاوینەدا، بەخوا ئاو بەشمان ناكات. كاتێكیش ئاو دێتەوە ئەوەندە كەمە تانكییەكان پڕ نابن. بە خوا لە بەهارەوە نەمدیوە ئاو بەسەر تانكییەكەماندا بێتە خوارەوە."
هاووڵاتییانی دیكەش هەمان نیگەرانییان هەیە و ناچارن بۆ دابینكردنی پێداویستیی رۆژانە پەنا بۆ كڕینی ئاو ببەن. كەژاڵ ئەنوەر، كابانێكی دیكەی ماڵە و گوتی: "ئێمە هەفتەی دوو بۆ سێ جار ئاو دەكڕین. هەر هیچ نەبێت رۆژ نا رۆژێك ئاومان بۆ بكەنەوە، ئاخر ئەوە كەی حاڵە لەم گەرما و هاوینەدا؟"
كاریگەریی كەمئاوی گەیشتووەتە ئاستی پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك خۆشۆردنیش. حاجی كەمال حەمەڕەشید، هاونیشتمانییەكی بەتەمەنە و دەڵێت: "جاری وایە بەشی خۆشۆردنیش ئاومان نییە. ئێمە لەبەر ئەوەی ئاو بەشمان ناكات، ناچار بووین تەنیا یەك موبەریدە بەكاربهێنین."
دۆخەكە بە جۆرێك تەشەنەی سەندووە، كە ئێستا تەنانەت ئەو خاوەن تانكەرانەی ئاو بەسەر ماڵاندا دابەش دەكەن، خۆشیان بە زەحمەت دەستیان بە ئاو دەگات. دارا حوسێن، ئاوفرۆش، ئاماژە بەوە دەكات كە گەڕەكەكانی وەك هەوارەبەرزە، تووی مەلیك، مامۆستایان، شێخان، رزگاری، بەختیاری، چوارچرا، سەرچنار، قولەرەیسی، زێڕینۆك و قرگە بە تەواوی بێئاون.
فشاری زۆری هاووڵاتییان لەسەر شۆفێرانی تانكەرەكان وایكردووە هەندێكیان لەبەرچاوان ون بن. حاجی جومعە فەتاح، ئاوفرۆشێكی دیكەیە و دەڵێت: "من ئەو كەسەی ئەمڕۆ ئاوی بۆ دەبەم، لە دوێنێوە لە چاوەڕوانیدایە. باوەڕ بكەن لە ترسی تەلەفۆنی خەڵك، مۆبایلەكەم داخستووە."
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 480 هەزار بەرمیل ئاو هەیە، بەڵام ئەوەی لە توانای بەرهەمهێنانیدایە تەنیا 250 هەزار بەرمیلە. ئامانج جەلال، گوتەبێژی فەرمانگەی ئاوی سلێمانی رایگەیاند: "بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، سێ رۆژ جارێك ئاو بە خەڵك دەدەین، بەڵام هەندێك گەڕەك كە كێشەی وەك كەمیی پەستانی ئاوی هێڵەكان یان پچڕانی كارەبایان هەیە، رەنگە ماوەكە بگاتە چوار رۆژ جارێك."
سەرباری ئەمانەش، هێشتا 17 گەڕەك كە دەكاتە 15%ی كۆی گشتیی شارەكە، تۆڕی ئاویان پێ نەگەیشتووە و فەرمانگەی ئاو هەفتەی یەكجار بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكات، بەڵام دانیشتووانەكەی ناچارن خۆیان هەفتانە دوو تانكەری دیكە بە نرخی نێوان 20 بۆ 50 هەزار دینار بكڕن تاوەكو بەشی پێداویستییەكانیان بكات.