دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: هونەر رەشید ئاغا نەکوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی هونەر رەشید ئاغا، سەرۆکی دەستەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، هونەر لە ژیاندایە و لە ئاسایشی هەولێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 04-08-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکەمان سەردانی هونەر رەشید ئاغایان کردووە و دڵنیاین لەوەی تەندروستە." گوتیشی، "هونەر هێشتا رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵی تەواو نەبووە و حوکم نەدراوە."
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی دووشەممە، باس لە بەدواداچوونی دەستەکەیان بۆ دۆسیەی هونەر رەشید ئاغا دەکات و دەڵێت، دوای بڵاوبونەوەی چەند هەواڵێک لەسەر دۆسیەی هونەر رەشید ئاغا، کە باس لە نادیاری چارەنووسی و کوژرانی دەکرا، "سەرۆکی دەستە د. مونا یاقۆ، تیمێکی دەستەی راسپارد بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە و تیمەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێریان کردووە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمی دەستەکە لەگەڵ کارگێڕی ئاسایشی هەولێر گفتوگۆیان کردووە و چاویان کەوتووە بە هونەر رەشید ئاغا.
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ رایگەیاند، "دوای سەردانی کردن و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی هونەر رەشید ئاغا، " دەرکەوتووە هیچ کێشەیەکی نییە و لەچوارچێوەی رێکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و ماوەی یاسایی خۆی بەسەر دەبات."
دەستەی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هونەر رەشید "ماوەی یاسایی خۆی بەسەر دەبات"، رووداو پرسیاری لە مونا یاقۆ کرد کە ئایا دادگەیی کراوە؟ سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ گوتی: "دادگەیی نەکراوە و تائێستا حوکم نەدراوە."
دوای تۆمارکردنی چەند سکاڵایەک لە دژی، رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، هونەر رەشید، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بەگوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکرا.
لە یاسای سزادانی عێراقی مادەی 406 بۆ تاوانەکانی کوشتن بەسەر تۆمەتبار دەسەپێندرێت. بەپێی جۆر و کاتی کوشتنە لەلایەن دادگەوە جۆری سزاکەی بۆ دیاری دەکرێت، لە زیندانیکردنەوە دەیگرێتەوە تاوەکو زیندانی تاهەتایی.